دابەزینی نرخی بلیتەکانی قۆناخی 16ـی مۆندیال؛ هەرزانترین بلیت چەندە؟
نرخی بلیتی یارییەکەی ئینگڵتەرا و مەکسیک گرانترینە

یاریگا –
نرخی بلیتەکانی قۆناخی 16ـی جامی جیهانیی 2026 دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا پێشتر بەرزی نرخەکان ژمارەی پێوانەیییان تۆمارکردبوو.
بەهۆی ماڵئاواییکردنی کتوپڕی هەندێک لە هەڵبژاردەکان و ناڕوونی لە داهاتووی تیپەکانی دیکە، نرخی بلیتی یارییەکانی قۆناغی کرانەدەرەوە رووی لە دابەزین کردووە.
زۆربەی ئەو بلیتانەی لەلایەن رێکخەرانی مۆندیالەوە خرابوونە بازاڕەوە، لەلایەن بازرگانانی بازاڕی رەشەوە کڕابوونەوە و دواتر بە دووهێندە یان سێهێندەی نرخی خۆی دەفرۆشرانەوە، ئەمەش وایکرد نرخی یارییەکانی کۆمەڵەکان بەشێوەیەکی مێژوویی بەرز بێت.
World Cup ticket prices are falling.
In just one week, the round-of-32 get-in prices have dropped 39%—from $2,040 to $1,245. pic.twitter.com/RD40XIXGhv
— Front Office Sports (@FOS) July 1, 2026
لە سەرەتای قۆناخی 32ـی مۆندیالدا، تێکڕای نرخی یەک بلیت 2،040 دۆلار بوو، بەڵام لە کۆتایی ئەو قۆناخەدا نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بۆ تێکڕای 1،200 دۆلار بۆ هەر بلیتێک.
پێشەنگی یارییە هەرزانەکان لەم قۆناخەدا، یاری نێوان کەنەدا و مەغریب بوو کە بە بردنەوەی هەڵبژاردە ئەفریقییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام کۆتاییهات.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی SeatPick، نزمترین نرخی بلیت بۆ یارییەکە لە نێوان 400 بۆ 500 دۆلار بوو، هەرچەندە لە کاتەکانی پێشووتری ئەمڕۆ کەمترین نرخ گەیشتە 349 دۆلار، بەڵام ئەو بلیتانە بە خێراییەکی زۆر فرۆشران و تەواو بوون.
یاری مەکسیک و ئینگلتەرا؛ گرانترین و پڕداواکارترینە؛ یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی قۆناخی 16 لە نێوان مەکسیک و ئینگلتەرا دەبێت کە لە شاری مەکسیکۆ سیتی بەڕێوەدەچێت.
بلیتی ئەم یارییە هێشتا بە نرخێکی خەیاڵی دەفرۆشرێت، بەجۆرێک تاوەکوو نیوەڕۆی رۆژی شەممە، هەرزانترین بلیتی بەردەست بۆ ئەم یارییە زیاتر لە 2،000 بووە.



