گرنگترینمۆندیالی 2026

ئانچێلۆتی پێش رووبەڕووبوونەوەی نەرویج: هیچ پلانێکمان بۆ راگرتنی هاڵاند نییە

فشاری بەربژێربوون کاریگەری لەسەرمان نییە

Yariga App

یاریگا –

کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی نەرویج باس لە ئامادەکارییەکانی تیپەکەی و مەترسییەکانی ئێرلینگ هاڵاند کرد.

ئانچێلۆتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە یاریگای مێتلایف لە نیوجێرسی، باسی لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ یارییە گرنگەکەی قۆناخی 16 بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج.

لە کاتێکدا راهێنەری نەرویج، پێی وایە بەرازیل بۆ بردنەوەی یارییەکە بەربژێرە، بەڵام ئانچیلۆتی بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو فشارانە دەکات، هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی و لە مەترسییەکانی هاڵاند و هێزی تیپی بەرامبەر ئاگاداریان دەکاتەوە.

مەترسییەکانی هالاند و نەبوونی پلانی تایبەت

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڵکارە مەترسیدارەکەی نەرویج، کارلۆ رەتیکردەوە کە پلانێکی تایبەتی بۆ راگرتنی هەبێت و زیاتر سەرنجی خستە سەر ئاستی گشتی تیپەکەی.

ێمە سەرقاڵی ئامادەکارین و تواناکانی هاڵاند لەبەرچاو دەگرین، هەمووان دەیناسن، پێویست ناکات بە بەرگریکارەکانم بڵێم چۆن یاری دەکات، چونکە زۆر جار رووبەڕووی بوونەتەوە و لە من باشتر دەیناسن، ئەو هێرشبەرێکی زۆر زۆر مەترسیدارە.

گۆڕانکارییەکانی پێکهاتە؛ پاکێتا، رافینیا و گەڕانەوەی دووانە مەترسیدارەکە

ئانچێلۆتی تیشکی خستە سەر دۆخی جەستەیی یاریزانەکانی و چۆنیەتی پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە پێکهاتەی سەرەکیدا؛

یاریزانێکی دیکەمان بە هەمان تایبەتمەندییەکانی پاکێتا نییە، بەڵام یاریزانی دیکەمان هەیە کە خاوەنی تایبەتمەندی جیاوازن. دەبێت بیر لەوە بکەمەوە چ شێوازێک یاری دەکەین و بەپێی ئەوە بڕیار لە جێگرەوەکەی بدەم.

رافینیا زۆر بەباشی و خێرایی چاکبووەتەوە، هێشتا تەواو ئامادە نییە، بەڵام دەکرێت بەرامبەر نەرویج لەسەر کورسی یەدەک بێت و چەند خولەکێک یاری بکات.

لە وەڵامێکی کورت و پڕ متمانەدا سەبارەت بە یاریکردنی نێیمار دا سیلڤا و ڤینیسیۆس جونیۆر پێکەوە، راهێنەرە ئیتاڵییەکە گوتی؛

دەتوانن پێکەوە یاری بکەن و پێشم وایە پێکەوە یاری دەکەن.

رێزگرتن لە نەرویج و دوورکەوتنەوە لە لەخۆباییبوون

ئەنچیلۆتی رەتیکردەوە تاکتیکی یارییەکە ئاشکرا بکات، بەڵام بەڕوونی باسی لە خاڵە بەهێزەکانی هەڵبژاردەی نەرویج و قورسی پاڵەوانێتییەکە کرد؛

نەرویج تیپێکی قورس و زۆر رێکخراوە. خاوەنی کوالێتییەکی هێرشبەریی بەرزن، تیپێکی هاوسەنگن و لە پێشەوە مەترسیدارن. کۆنترۆڵی هێڵی ناوەڕاستیان زۆر باشە، بۆیە قورسە بتوانیت بە خێرایی هێرشی پێچەوانە بکەیتە سەریان.

متمانەمان بە خۆمان هەیە چونکە لە بردنەوەیەکی گرنگ بەرامبەر ژاپۆن هاتووین، کاتێک ئەوان گۆڵی یەکەمیان کرد ئێمە تووشی شڵەژان نەبووین. بۆ هەموو شتێک ئامادەین. کێ بڕوای دەکرد ئەرجەنتین بەرامبەر کەیپ ڤێرد تووشی کێشە ببێت؟ لەم جۆرە پاڵەوانێتییانەدا هەر رووبەڕووبوونەوەیەک قورسە و تیپەکان دەناڵێنن.

بابەتی زیاتر

Back to top button