چێڵسی مەرجێک بۆ مانەوەی لیام رۆسێنیۆر دادەنێت

یاریگا –
چێڵسی لە هەفتەی 31ـی پرێمەرلیگ رووبەڕووی ئێڤەرتن بووەوە و چوارەم شکستی یەک بەدوای یەکی نووسییەوە.
دوای سێ شکستی یەک بەدوای یەک، یاریی چوون و هاتن بەرامبەر پاریس سانجێرمان و یاریی نێو ستامفۆرد بریج بەرامبەر نیوکاسڵ، چێڵسی بەهیوای راستکردنەوەی باری لاری بووە میوانی ئێڤەرتن، بەڵام تیمەکەی دەیڤد مۆیس هێندەی دیکە برینەکانی بلوزی قووڵتر کردەوە و بە ئەنجامێکی گەورە 3-0 تووشی شکستی کرد.
چێڵسی بە راهێنەرایەتی لیام رۆسێنیۆر دەستپێکێکی باشی هەبوو، بەڵام بەرەبەرە خەریکە دەچێتە ژێر باری قەیرانەکانەوە. بە چوار شکستی یەک بەدوای یەک ئەمە خراپترین ریکۆردی یانەکەیە لەوەتەی ساڵی 2023، هەروەها دووەم یارییە بەدوای یەکدا 3-0 شکست دەهێنێت.

هەر ئەوەندە نییە، یانە لەندەنییەکە چەند ریکۆردێکی دیکەی خراپی تۆمارکرد؛ سەخترین شکستی 2026 لە پرێمەرلیگ، یەکەمجارە لە سێ یاریی بەدوای یەکدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەمساڵ نەتوانێت گۆڵ بکات، بە راهێنەرایەتی رۆسێنیۆر 31 گۆڵیان لێکراوە، کە خراپترین ریکۆردی بەرگرییە بەراورد بە راهێنەرەکانی ئێستای پرێمەرلیگ.
لیام رۆسێنیۆر لە 10ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ چێڵسی دەستبەکار بوو، لەو کاتەوە 19 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکان کردووە؛ 10 یاریی بردووەتەوە، حەوت جاریش تووشی شکست بووە و دوو یارییش یەکسانبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نیکۆلۆ شێرا، رۆژنامەنووسی ناودار، بەڕێوەبەرانی چێڵسی بە ئاست و ئەنجامەکانی لیام رۆسێنیۆر قایل نین، ئەگەریش چێڵسی نەگاتە چامپیۆنزلیگی 2026-2027 ئەوا بلوز لە کۆتایی وەرز راهێنەرەکەی دەگۆڕێت.



