گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

ناکرێت تۆ لێرە بیت؛ چیرۆکی کاروانە وەرزشییەکەی سوزان وەکوو تاکە بەڕێوەبەری ستافی پزیشکی لە مۆندیالی 2026

"هەزاران جار بیستوومە"

Yariga App

یاریگا –

سوزان هورمان هەرگیز خەونی بەوەوە نەبینیبوو ببێتە پزیشک و بە دڵنیاییشەوە هەرگیز وێنای کارکردنی لە تۆپی پێدا نەدەکرد، چ جای بگات بەوەی بەشداریی لە مۆندیالدا بکات. هورمان لە کاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەی مارکا لە میامی روونی کردەوە کە کاروانی پزیشکیی ئەو نزیکەی بە رێکەوت دەستی پێ کردووە.

سوزان گوتی:

من هەرگیز خەونم بەوەوە نەبینیبوو ببمە پزیشک یان لە پزیشکیی وەرزشیدا کار بکەم. کاتێک تەمەنم 16 یاخود 17 ساڵ بوو، نەمدەزانی دەمەوێت چی بکەم. زۆر شتی جیاوازم بەدڵ بوو. لەبەر ئەوەی نمرەکانم باش بوون و دەمتوانی راستەوخۆ لە هۆڵەندا بچمە کۆلێژی پزیشکی، بە خۆمم گوت؛ بۆچی پزیشکی تاقی نەکەمەوە؟

ئەو بڕیارە لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی کار لەگەڵ یانەکانی ئایندھۆڤن، ریال مەدرید، چالاکی ئۆڵمپی و لە کۆتاییشدا لە مۆندیالدا بکات. چوونی ئەو بۆ نێو تۆپی پێ بە هەمان شێوە چاوەڕواننەکراو بوو کاتێک پزیشکێکی نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیەی کاری لێی دەکرد بانگهێشتی کرد بۆ ئەوەی هاوکاری بێت لە یانەی گۆ ئەهێد ئیگڵز.

سوزان لەو بارەیەوە گوتی:

من هەرگیز بیرم لە کارکردن لە تۆپی پێدا نەدەکردەوە، بەڵام تاقیمان کردەوە. هەموو شتێک زۆر بە خێرایی روویدا. دوای یەکەم ساڵ، ئەوان منیان کردە بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی.

لەوێوە گواستراوەیەوە بۆ ئایندهۆڤن پێش ئەوەی دەرفەتێکی لەلایەن ریال مەدریدەوە پێشکەش بکرێت.

ریال مەدرید و پزیشکیی وەرزشیی باڵا

لە سەرەتا پەیوەندیی بە هورمانەوە کرا بۆ هاوکاریکردن لە دامەزراندنی پێکهاتەی پزیشکیی تیمی خانمانی ریال مەدرید دوای ئەوەی یانەکە، یانەی تاکۆنی کڕیەوە. سوزان دەڵێت:

مەدرید پەیوەندی پێوەکردم بۆ هاوکاریکردنی ئامادەکردنی بەشی پزیشکی بۆ تیمی خانمان چونکە لەو کاتەدا هیچ بەشێکیان نەبوو.

لە ساڵی 2020، دوای ئەوەی بەشی خانماب بە تەواوی لەگەڵ ریال مەدریددا یەکخرا، پەیوەندی بە یانەکەوە کرد. بە سەرسامییەوە باسی دامەزراوەکانی ڤالدێبێباسیش دەکات و دەڵێت:

بۆ من، ئەمە باشترین یانەیە لە جیهاندا. زۆر شت لەوێ فێربووم. ئێمە هەموو سەرچاوەیەکی ویستراومان لەبەردەستدا بوو بۆ بەکارهێنان. ئامێری ئێم ئاڕ ئای لەپاڵ یاریگاوە، ئەوە خەونێکە لە پزیشکیی وەرزشیدا. ئەمە جیهانێکی دیکەیە.

ئەو سەرەتا لەگەڵ تیمی خانمان و دواتریش لەگەڵ پێکهاتەی پیاواندا کاری کرد.

سوزان هورمان

“ناکرێت تۆ لێرە بیت”

سەرەڕای لێهاتووییەکانی، هورمان ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین جار رووبەڕووی بەربەست بووەتەوە لەبەر ئەوەی ئافرەتێک بووە لە ژینگەیەکی پیاوانەدا و گوتی:

من لە کاروانە وەرزشییەکەمدا هەزاران جار بیستوومە پێیان گوتووم؛ وەکوو ئافرەتێک ناکرێت لەگەڵ تیمی یەکەمی پیاواندا کار بکەیت، چونکە ئێمە نامانەوێت ئافرەتێک لێرە کار بکات. هەزاران جار وایان پێ گوتووم. بۆ ئافرەتێک، پەسندکردن وەکوو یەکەم هەنگاو زۆر قورسترە. ئەگەر بمزانیبایە لە شوێنێک ناگەم بەو پێگەیەی کە دەمەوێت، دەمگوت؛ ئەمە شوێنی من نییە. هەزاران شوێنی دیکە هەن، دەرفەتێکی دیکە دەدۆزمەوە.

دەرفەتەکەی کوراساو

رۆڵی ئەو لەگەڵ تیمی نیشتمانیی تۆپی پێی کوراساو بە هەمان شێوە بە شێوازێکی چاوەڕواننەکراو هات. دوای ئەوەی کوراساو سەرکەوت بۆ مۆندیال، پزیشکی پێشووی تیمەکە داوای لێکرد هاوکاری بێت لەو پشکنینە پزیشکییانەی کە لەلایەن فیفاوە داواکراون و ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، بارودۆخی کەسیی ناچاری کرد لەو پێگەیە بکشێتەوە. سوزان گوتی:

پزیشکەکە نەیدەتوانی بەردەوام بێت چونکە کچەکەی نەخۆشییەکی زۆر سەختی هەبوو. ئەو گوتی کە پێویستە لەگەڵی بێت.

هەردوو ئەندامەکەی ستافی پزیشکی پێشنیاری هورمانیان کرد بۆ گرتنەئەستۆی پۆستی بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی. ئەو دوای زانینی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە تیمەکە و ژینگەکەی، بڕیارەکەی پەسند کرد و بڕیاریدا بەتەواوی بچێتە نێو تۆپی پێوە.

یەک ئافرەت لەنێوان چل و هەشت تیمدا

لە کۆبوونەوەیەکی پزیشکیی فیفادا لە ئاتڵانتا لە سەرەتای ئەمساڵدا، هورمان پیرۆزباییەکی چاوەڕواننەکراوی لێکرا. زانیاریی ئەوەی پێدرا کە ئەو تاکە ئافرەتە بەڕێوەبەریی پزیشکانە لەنێوان تەواوی ئەو 48 تیمە نیشتمانییەی لە مۆندیالدا بەشدارن. سوزان لەو بارەیەوە گوتی:

ئەوان گوتیان؛ پیرۆزە، تۆ تاکە ئافرەتیت. من سەیری دەوروبەری ژوورەکەم کرد و گوتم؛ بەڵێ، راستە، تێبینی ئەوەم نەکردبوو. من راهاتووم کە تەواوی هاوکارەکانم پیاو بن. لە کوراساویش من تاکە ئافرەتم لەنێو تەواوی ستافەکەدا.

سوزان هورمان

کردنەوەی دەرگاکان بۆ داهاتوو

هورمان پێی وایە ئەم چیڕۆکانە گرنگن چونکە دەتوانن ببنە ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەو ئاماژە بە زیادبوونی ئامادەیی ئافرەتان دەکات لە پاڵەوانییەتییە گەورەکانی تۆپی پێدا، کە ناوبژیوانە ئافرەتەکان ئەم مۆندیالەش دەگرێتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا پێشکەوتنی زیاتر ماوە کە بەدەستبێت و دەڵێت:

هیوادارم ئەو پزیشکە کچە گەنجانەی کە پزیشکی دەخوێنن ببینن کە گەیشتن بە کاری خەونەکانیان ئەستەم نییە. ئێمە هێشتا هیچ ئافرەتێکمان نەبووە ببێتە راهێنەری تیمی نیشتمانیی پیاوان لە مۆندیالدا. ئەم چیڕۆکانە گرنگن چونکە یارمەتیدەرن لە کردنەوەی دەرگاکان. ئەگەر تۆ بە رادەی پێویست باش بیت و کارەکەت بە باشی بکەیت، دەبێت دەرفەتی ئامادەبوونت لەوێدا هەبێت.

سەبارەت بەوەی داهاتوو چی دەبێت، هورمان پلانی بۆ ماوەیەکی درێژ نییە و گوتی:

من هەرگیز خەونی داهاتووم نەبووە. هەمیشە لەنێو ساتەکەدا ژیاوم. یانەی گۆ ئەهێد ئیگڵز پەیوەندی پێوە کردم، ئایندهۆڤن پەیوەندیی پێوە کردم، ریال مەدرید پەیوەندی پێوە کردم، فیفا پەیوەندی پێوە کردم، کوراساو پەیوەندی پێوە کردم، لیژنەی ئۆڵمپی پەیوەندیی پێوە کردم. من هەرگیز داواکاریم بۆ هیچ کامێکیان پێشکەش نەکردبوو.

چی کاروانی داهاتووی لە تۆپی پێدا بێت، یان فۆرمۆلا وەن، یان ئێم ئێم ئەی، یان لە هەر شوێنێکی دیکە بێت، کاروانی پیشەگەریی ئەو بە شێوازێکی سادە پێناسە کراوە: هەر کاتێک کەسێک پێی گوتبێت تۆ سەر بەم شوێنە نیت، ئەو شانۆیەکی گەورەتری دۆزیوەتەوە بۆ سەلماندنی پێچەوانەکەی لە دژیان.

بابەتی زیاتر

Back to top button