
یاریگا – ئاتلێتیک
ئارسیناڵ گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ لێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی جێرمی مۆنگا، یاریزانی باڵی هێرشبەریی دەستپێکردووە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەیەوە، ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی جێرمی مۆنگا لەگەڵ لێستەر سیتی لەگفتوگۆدایە، تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی ئەو یاریزانە 16 ساڵانییە هەردوو لایەن بە رێزێکی زۆرەوە گفتوگۆ لەسەر گرێبەستەکە دەکەن.
چەند یانایەکی گەورە مۆنگایان کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەو یاریزانە تەنیا ئارسیناڵی دەوێت، پاڵەوانی پرێمەرلیگیش دەیەوێت ئۆفەرێک پێشکەش بکات هەردوولایەن پێی رازیبن و پێویست نەکات لیژنەیەکی دادوەریی بڕیاری لەسەر بدات.
لەدوای ماکس دۆومان و ئیتان نوانێری، جێرمی مۆنگا سێیەم لاوترین یاریزانە بەشداری یارییەکی پرێمەرلیگی کردووە، لە تەمەنی 15 ساڵی و 271 رۆژی بە درێسی لێستەر سیتی لە نیسانی 2025 بەرامەر نیوکاسڵ یونایتد یەکەم یاریی لە پرێمەرلیگ کرد.

ئەو یاریزانە تاوەکوو ئێستا 37 یاریی بە درێسی تیمی یەکەمی لێستەر سیتی کردووە، 30 یارییان لە وەرزی 2025/2026 بووە و لە زۆربەی یارییەکان بەشێوەی یەدەک بەشداریی کردووە.
بۆچی ئارسیناڵ دەیەوێت جێرمی مۆنگا بگوازێتەوە؟
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، چەند یانەیەکی گەورە گرنگی بە گواستنەوەی مۆنگا دەدەن، بەتایبەت ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی و چێڵسی.
مۆنگا لە 10ـی تەمموزی ساڵی رابردوو گرێبەستێکی بەشێوەی فێرخواز بۆ ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ لێستەر سیتی واژۆکرد، کاتێک تەمەنی دەبێتە 17 ساڵ گرێبەستەکە دەگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی پیشەگەریی، ئەمەش سودێکی زۆری بۆ لێستەر سیتی دەبێت، چونکە هەر یانەیەک بیەوێت بیگوازێتەوە پێویستە لەگەڵ لێستەر رێکبکەوێت و لێستەریش بە نرخێکی کەم دەستبەرداری نابێت.
لێستەر سیتی وەرزی رابردوو دابەزی بۆ خولی پلەسێی ئینگلتەڕا، هۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو لە مانگی شوبات شەش خاڵیان لێ کەمکرایەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە 2021 تاوەکوو 2024 یاسا داراییەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەڕایان پێشێلکردبوو، خەرجی و زیانی داراییان زیاتر بووە لە سنووری رێگەپێدراو.
لێستەر سیتی پێشتر بە تووندی پارێزگاری لە یاریزانانی ئەکادیمیا دەکرد، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو دۆخەکە گۆڕاوە توانای پارێزگاریکردنی لە یاریزانە لاوەکان کەمبووەتەوە. بەتایبەت لەدوای چوونی ترێی نیۆنی بۆ لیڤەرپوول و تایرێس نوبێسی بۆ مانچێستەر سیتی.

مۆنگا چ جۆرە یاریزانێکە؟
مۆنگا زیاتر قاچی راستە بەکاردەهێنێت، حەزدەکات راستەوخۆ بەرەو یاریزانانی دڵی بەرگری بڕوات و بە تێپەڕاندنیان گۆڵ بکات.
توانای رووبەڕووبووەنەوەی یەک بەرامبەر یەکی مۆنگا لە مەشقەکانی لێستەر سیتی، زۆرێک لە یاریزانە بەئەزموونەکانی سەرسام کردووە، بەڵام هەندێک لە یاریزانەکان تووڕە دەبن کاتێک مۆنگا تۆپ بەنێوان قاچەکانیان تێدەپەڕێنێت.
لێستەر سیتی زیاتر لە باڵی چەپ بەکاریهێناوە بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە و بە قاچی راستە شووت بکات، راهێنەری هەڵبژاردەی ژێر 18 ساڵانی ئینگلتەڕا لە باڵی راستیش یاریی پێکردووە، هەروەها هاوشێوەی گۆڵەکەی بەرامبەر یۆنان لە 31ـی ئادار، دەتوانێت لە ناوەڕاستیش یاریی بکات.
ئامارەکان دەیسەلمێنن مۆنگا هێرشبەرێکە حەز بە بڕینی بەرگریکاران دەکات، لە هەر 90 خولەکێکی یاریکردن بە رێژەی 7.8 هەوڵی بڕینی یاریزانانی داوە. لەکۆی 1088 خولەک یاریکردن بەڕێژەی %36 لە بڕینی یاریزانان سەرکەوتوو بووە.
هەروەها دوای بڕینی یاریزانان سێ پاسی یەکلایی کەرەوەی داوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی زۆر، دەتوانێت بڕیاری دروست بدات.

بێگومان مۆنگا هێشتا یاریزانێکی تەواو پێگەیشتوو نییە، وەکوو هەموو یاریزانێکی لاوی دیکە پێویستە لە چەند لایەنێک گەشە بکات.
لەڕووی بەرگرییەوە پێویستە بزانێت کەی و چۆن بگەڕێتەوە بۆ هاوکاریکردنی بەرگریکاران و لە هێرشبردنیشدا دەکرێت لە پاسی کۆتاییدا باشتر بێت.
ئەو خاڵە لاوازانەش بە کۆکردنەوەی ئەزموون و مەشق و راهێنان چارەسەردەکرێن، بەڵام ئەو هۆکارەی وایکردووە زۆرینەی یانەکان هەوڵی گواستنەوەی بدەن ئەوەیە هەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە کە دەیکات بە هێرشبەرێکی دیاری پرێمەرلیگ.



