
یاریگا –
جۆن تێری، بەرگریکاری پێشووی یانەی چێڵسی ستایشی ئاستبەرزی ماکس دۆومان، ئەستێرەی لاوی یانەی ئارسیناڵ دەکات و تواناکانی لەگەڵ مێسی بەراورد دەکات.
لە یارییەکەی شەوی رابردووی ئارسیناڵ بەرامبەر ئێڤەرتن، ماکس دۆومان رۆڵێکی گەورەی بینی و ریکۆردێکی مێژوویشی بە ناوی خۆیەوە تۆمارکرد، کە بوو بە لاوترین یاریزانی مێژووی پرێمەرلیگ لە تەمەنی 16 ساڵی گۆڵ بکات.
سەرەڕای ئەوەی دۆومان لە گێمی دووەم لە خولەکی 74 وەکوو یەدەک هاتە نێو یاریگا لە گۆڵی دووەمی کرد و رۆڵی لە گۆڵی یەکەمیشدا هەبوو، هەروەها زۆرترین بڕینیشی لە یارییەکەدا هەبوو بە پێنج بڕین.
5 – Despite only coming on as a 74th minute substitute, Max Dowman had the most dribbles (5) of any player in Arsenal’s win over Everton. Audacious. pic.twitter.com/QZQNWNYX6G
— OptaJoe (@OptaJoe) March 15, 2026
تێری لە لێدوانێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ستایشی ئاستی یاریزانەکە دەکات و بە مێسی بەراوردی دەکات.

کەسم نەبینیوە بەم شێوەیە یاریزان تێپەڕێنێت جگە لە مێسی. هەرچەندە ئەوە بەراوردێکی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەو کوڕە بەهرەمەندێکی زۆر زۆر لێهاتوویە و لە داهاتووی ئارسیناڵ و هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا رۆڵێکی گەورەی دەبێت.
تێری دەشڵێت، ساڵێک لەمەوبەر لە بەرامبەر چێڵسی سەیری یاریی دۆومانی کردووە و بە ئاستی سەرسام بووە، پێی وابووە ئەستێرەیەکی گەورەی لێ دەردەچێت.
دۆومان لە تەمەنی 14 ساڵییەوە لەگەڵ تیپی یەکەمی ئارسیناڵ مەشق دەکات، ئاستە ناوازەکەی هەموو لایەکی سەرسام کردووە و چاودێرانی تۆپی پێ پێیان وایە دەبێتە یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێی ئینگڵتەڕا و داهاتووی گەنەرز.



