
یاریگا –
جیاواز لە جاران ئێستا لەناو مەدریدا هەمووان پاڵپشتی لە مانەوە و نوێكردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر دەكەن.
ڤینیسۆس جونیۆر لە هاوینی 2018 لە ریزەكانی فلامینگۆ بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە كرد و گرێبەستەكەی ئێستای لە 2027 بەسەردەچێت.
لە ماوەی رابردوودا و لە سەردەمی راهێنەرایەتی چابی ئاڵۆنسۆ، ڤینیسیۆس جونیۆر بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕی و یاریگای بێرنابیۆ هەمووان فیكەی ناڕەزاییەتیان لە دژی لێدەدا و داوای فرۆشتنی دەستبەجێی یاریزانەكەیان دەكرد.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئاس، ڤینیسیۆس جونیۆر ئێستا ئیتر هەست بە گرنگی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید دەكاتەوە و گەڕاوەتەوە سەر ئاستە راستەقینەكەی خۆی و كەس گومانی لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نییە.
پێشتر كەم كەس بڕوایان وابوو كە ڤینی بتوانێت ئەو كارە بكات، زۆر كەس داوای فرۆشتن و رۆیشتنی دەستبەجێی یاریزانە بەڕازیلییەكەیان دەكرد، بەتایبەت ئەوكاتانەی كە هاندەرانی ناو یاریگای بێرنابیۆ فیكەی ناڕەزاییەتیان بۆ لێدەدا و دژایەتیان دەكرد.
بەڵام لە دوای رۆیشتنی چابی ئاۆنسۆ ڤینیسیۆس توانی هەموو شتێک پێچەوانە بكاتەوە، رۆیشتنی راهێنەرەكەی پێشووی مەدرید یارمەتیدەرێكی گەورە بوو بۆ ئەستێرە بەڕازیلییەكە تاوەكو تواناكانی بۆ بگەڕێتەوە.
متمانەی یانەكە و كاریگەرییەكانی ئالڤارۆ ئاربێلوا
لە دوای هاتنی ئالڤارۆ ئاربێلوا یاریزانە بەڕازیلییەكە زیاتر هەست بە گرنگی خۆی دەكات و راهێنەرەكەی مەدرید هەر لە یەكەم رۆژی كاركردنیەوە متمانەی تەواوی پێبەخشی و گوتی ” دەمەوێت ڤینیسیۆس دڵخۆش بێت و هەموو كات پێبكەنێت”، هەروەها ئەوكاتەی هەموو هاندەران لە پشتی بوون یانەكە پاڵپشتییەكی تەواوی كرد.
ئێستا ئیتر كاتێک لەناو یانەكەدا پرسیار دەربارەی دۆخی ڤینیسیۆس جونیۆر دەكرێت وەڵامەكە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە و هەمووان باشتر لە هەر كاتێكی دیكە پاڵپشتی لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی دەكەن. كەس مشتومڕ لەسەر واژۆكردنی گرێبەستێكی نوێ ناكات، تەنانەت ئەو كەسانەی فیكەی ناڕەزاییەتیان لە دژی لێدەدا ئێستا پاڵپشتی لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی دەكەن.
ژمارەكان دەدوێن
ئاستی ئێستای ڤینیسیۆس نكوڵی لێناكرێت و وەكو چۆن لە كۆتا پێنج یاریی یانە شاهانەكەدا گۆڵیكردووە.
لەم وەرزەدا تاوەكو ئێستا 13 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.
جگە لە گۆڵ و ئەسیست ڤینی ئێستا یەكێكە لەو یاریزانانەی زۆرترین فشار بە تۆپ و بە بێ تۆپ لە تیمی بەرامبەر لە یاریگادا دەكات.
خۆبەدەستەوەنەدان
لە ناو شوێنی مەشق و راهێنانەكانی ریال مەدرید هەمووان سەرسامن بەو هێزە و ئەو بەردەوامیەی ڤینیسیۆس هەیەتی زۆر كەس پێی وایە كە لە جێگای ئەو بوونایە خۆیان بەدەستەوەدەدا، بەڵام ئەو جەنگا و بەردەوام بوو تاوەكو متمانە و خۆشەویستی هاندەران بەدەستبهێنێتەوە.



