جیهانگرنگترین

مۆرینیۆ: هیوادارم یاریزانەکانی ریال مەدرید لە مۆندیال بدۆڕێن!

Yariga App

یاریگا –

خۆزێ مۆرینیۆ بەپەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەرکە نوێیەکەی لەگەڵ یال مەدرید وەک راهێنەر، بۆ ئەوەش هوایەکی سەیر دەخوازێت بۆ یاریزانە بەشداربووەکانی یانە شاهانەکە لە مۆندیالی 2026.

11ی ئەم مانگە مۆرینیۆ وەک راهێنەری یانە شاهانەکە ناسێنرا و بۆ دووەم جار لە کاروانەکەیدا پۆستەکەی مێرێنگی وەردەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بەڵێنی بە گەراندنەوەی “سپێشەڵ وەن” بە هاندەرانی مێرێنگی دا.

کۆمەڵێک ئاڵنگاریی لەبەردەمیدایە، بەوپێیەی یانەکە دوو وەرزە هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، هەروەها بەدەست کۆمەڵێک پشێویی نێوخۆییەوە دەیناڵاند بەتایبەتی لەسەردەمی راهێنەرایەتی چابی ئالۆنسۆ و ئالڤارۆ ئاربێلوا.

لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا راهێنەرە پۆرتوگالیەکە لە پۆدکاستی Beast Mode On کە ئادیبایۆ ئاکینفێنوای یاریزانی پێشووی پێشکەشی دەکات، جەختیکردەوە کە هەبوونی یاریزانی سوپەر و بەڕێوەبردنیان باشترین کێشەیەکە هەر راهێنەرێک هەیبێت. ئەوەش وەک ئاماژەیەک کە پێشتر ریال مەدرید لە وەرزەکانی رابردوودا بەدەست باڵادەستی بەشێک لە ئەستێرەکانیەوە دەیناڵاند لەرووی پابەندێتیانەوە بە رێنماییەکانی راهێنەر و کارگێڕی یانەکە. ئادیبایۆ پرسی

– تۆ لە کاروانەکەی خۆتدا سەرپەرشتی چەند کەسایەتیەکی گەورەت کردووە، وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، درۆگبا، جۆن تێری، مەسعوود ئۆزیل، ئیبراهیمۆڤیچ، نهێنی سەرپەرشتیکردنی ئەو ناوە گەورانە چییە؟

مۆرینیۆ

پێموایە باشترین کێشەیەکە هەر راهێنەرێک هەیبێت، بەوەی خاوەنی باشترینەکان بیت. باشترین یاریزانەکان باشترین کێشەیەکە راهێنەرێک هەیبێت. نابێت قسە لەسەر ریال مەدرید بکەین. بەڵام ئاماژە بە هەندێ خاڵ دەکەم. هەندێ شتم خوێندەوە دەیانوت ئەوە مۆرینیۆ هات و ئیتر ئەو یاریزانە یەکەمەکان بنبڕ دەکات کە گوایە پێشتر کێشەیان دروستکردووە. نەخێر، من ئەو یاریزانانەم دەوێت. من ئەو باشترینانەم دەوێت، چونکە من دەموێت رێگەیەک بدۆزمەوە کە تیمێکمان هەبێت. نەک ئەو کێشانەی کە دەگوترا لە وەرزەکانی رابردوودا هەبووە.

مۆرینیۆ 13ی مانگی داهاتوو بەفەرمی سەرپەرشتی یەکەمین مەشقی خۆئامادەکاریی دەکات بۆ وەرزی نوێ. لەوبارەیەوە لەلایەن پێشکەشکارەکەوە پرسیاری لێکرا بۆ هیوای ئەو بۆ براوەی مۆندیال، ناوبراو وەڵامێکی دیبلۆماسی دایەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات کە یەکێکە لە پاڵێوراوەکان، بەڵام لە ریزەکانیاندا هیچ یاریزانێکی مەدریدی تێدا نییە، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی هەستی ئەو یاریزانانەی ریال مەدرید کە لە هەڵبژاردەکانی دیکەی مۆندیالەکەدا هەن، خۆزێ بە زەردەخەنەوە وەڵامی دایەوە

هوایم بۆ مۆندیال؟ ئەوەیە کە یاریزانەکانی ریال مەدرید بدۆڕێن. چونکە دەمەوێت لە مانگی داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ لای من بۆ خۆئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button