ساویلکە بووین؛ پۆچێتینۆ باس لە ئاڵەنگارییەکانی کاتی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا دەکات
پێمان وابوو هەمووان بەپەرۆش دەبن بۆ یاریکردن

یاریگا –
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ دانی بەوەدا نا کە کاتێک سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئەمریکای گرتە ئەستۆ، کەمەنرخاندنی بۆ ئەو ئالەنگارییانە کردووە کە چاوەڕوانی دەکردن، سەرەڕای ئاستە سەرنجڕاکەشەکانی تیمەکە لە مۆندیالدا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکوو یەکێک لە گەورەترین سوپڕایزە ئەرێنییەکانی پاڵەوانییەتییەکە دەرکەوتووە دوای سەرکەوتنە باڵادەستەکەی لە بەرامبەر پاراگوای. تیمەکە لە رووی تاکتیکییەوە رێکخراو، خاوەن دیسپلین و بە تەواوی پابەند بە شێوازێکی روونی یارییکردن دەرکەوتووە. بەڵام بەگوتەی پۆچێتینۆ، ئەو واقیعەی کە لە کاتی گەیشتنیدا رووبەڕووی بووەوە، زۆر دوور بوو لە دۆخی نموونەیی و دەڵێت:
کاتێک گرێبەستەکەمان واژۆ کرد ساویلکە بووین. بارودۆخەکەمان کەم نرخاند. ئەوەی بۆمان دەرکەوت خراپتر بوو لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد.
ئەم راهێنەرە ئەرجەنتینییە ئاشکرای کرد کە یەکێک لە گەورەترین شۆکەکان بریتی بوو لەوەی کە ئەو وەکوو نەبوونی پابەندبوونی پێویست لەلایەن بەشێک لە یاریزانەکانەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی تیمی نیشتمانی لێکی دایەوە. ماوریسیۆ گوتی:
پێمان وابوو خەڵکی بەپەرۆش دەبن بۆ یارمەتیدان، کە هەمووان بە تەواوی بەشدار دەبن و پەرۆشی یارییکردن دەبن بۆ تیمی نیشتمانی. بەڵام بابەتەکە تەواو پێچەوانە بوو.
پۆچێتینۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ستافی راهێنەرایەتی بە خێرایی لە قەبارەی ئالەنگارییەکە تێگەیشتن و گوتی: “بەرەوڕووی واقیعێکی گەورە بووینەوە. گوتمان: ئەمە چییە…؟”

سەرەڕای ئەو سەختییانەی سەرەتا، ویلایەتە یەکگرتووەکان گۆڕاوە بۆ یەکێک لەقایلکەرترین تیمەکانی نێو کێبرکێیەکە، ئەمەش وای لە چەندین چاودێر کردووە کە بە چاوی تیمێکی بەهێز و چاوەڕواننەکراو سەیری بکەن. پۆچێتینۆ خۆی پێی وایە تیمەکە دەتوانێت خەونی گەورەی هەبێت. ئەو بە ئاماژەکردن بە تیمی نیشتمانیی تۆپی پێی مەغریب و گەشتە مێژووییەکەی بۆ نیوەی کۆتایی مۆندیالی 2022، پێشنیاری ئەوەی کرد کە پێویستە ئەمریکییەکان هیچ سنوورێک بۆ تموح و ئامانجەکانیان دانەنێن و پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئێمە نا؟
ئەم راهێنەرە هاوکات بە کورتی باسی لە داهاتووی خۆی کرد بۆ دوای پاڵەوانییەتییەکە. لە کاتێکدا دەرگای بۆ مانەوەی لەگەڵ تیمی نیشتمانی بە کراوەیی هێشتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە رێککەوتنەکان و پلانە درێژخایەنەکان دەکرێت جارێ چاوەڕێ بکەن و گوتی:
ئەگەر بمانەوێت بمێنینەوە، چەندین مانگ، رۆژ یان هەفتەمان هەیە بۆ قسەکردن لەو بارەیەوە چونکە چوار ساڵ تاوەکوو مۆندیالی داهاتوو ماوە.
بۆ ئێستادا، پۆچێتینۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تەواوی سەرنجەکان لەسەر خودی پاڵەوانییەتییەکە بن و هاوکار بن لەوەی یاریزانەکانی بەردەوامی بەم ئاستە سەرنجڕاکەشەیان بدەن.



