دوای شكستە گەورەكەی گاڵاتاسەرای؛ سپالێتی سێ هەنگاو بۆ دواوە گەڕاینەوە

یاریگا –
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی یوڤێنتوسی هەمان وڵات هۆكاری هەرەسهێنانی یانەكەی لەبەرامبەر گاڵاتاسەرای ئاشكرا كرد.
شەوی رابردوو گاڵاتاسەرای لە یاریگای خۆیدا میوانداری یوڤێنتوسی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی خاوەن ماڵ كۆتاییهات، لە میانی یاریی چوونی گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
لە دوای یارییەكە سپالێتی گوتی:
گێمی یەکەممان بە شێوەیەکی خراپ کۆتاییپێهێنا، هەوڵمان دا هاوسەنگییەکەمان بگەڕێنینەوە و هەندێک گۆڕانکاریمان كرد، بەڵام لە رووی کەسایەتییەوە زۆر پاشەکشەمان کرد. نەک هەنگاوێک، بەڵکو سێ هەنگاو بۆ دواوە گەڕاینەوە.
بڕوام وایە ئەگەر بە شێوازێکی یەکگرتوو و باش یارییبکەین، دەتوانین پەستان لەسەر بەرگری کەم بکەینەوە. بەڵام پشت بەستن تەنیا بە بەرگرییەکان و هێرشی هەڵگەڕاوە، لەگەڵ توانای یاریزانەکانمان ناگونجێت، چونکە ئێمە کەسمان نییە کە رەقی و توندیی پێویستی هەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و رێگری لە تێپەڕبوونی تۆپ بكات.
بێگومان هەوڵ دەدەین بەسەر ئەم کێوەدا سەربکەوین و هەوڵی رێكخستنت گەڕانەوەیەکی مێژوویی دەدەین. روونیشە کە دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوەی روویدا و ئەو بڕیارانەی لە کاتی یارییەکەدا دەیدەین، لە ئەستۆ بگرین.
یوڤێنتوس بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ پێوویستە لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام لە گاڵاتاسەرای بباتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو یوڤێنتوس لە یاریگای خۆیدا میوانداری گاڵاتاسەرای بكات، لە میانی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پاشكۆی گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.



