گرنگترینمۆندیالی 2026

لیۆنێل سکالۆنی: مێسی لە هەموو کاتێک گرنگترە و وانەکەی سعوودیە لەبیر ناکەین

کۆنگرەی رۆژنامەوانی سکالۆنی بەر لە یەکەم یاریی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026

Yariga App

یاریگا –

لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە شاری کانزاس، بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر جەزائیر لە مۆندیالی 2026، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و باسی بارودۆخی مێسی و تیپەکەی کرد.

سکالۆنی دوایین پێشهات و بارودۆخی ئامادەیی و پێکانی یاریزانەکانی بۆ میدیاکان خستەڕوو.

مێسی؛ هێمایەک بۆ هەموو جیهان

سکالۆنی سەبارەت بە لیۆنێل مێسی بەم جۆرە دوا؛

هەمووان دەیانەوێت مێسی لە یاریگادا ببینن. ئەمە تەنیا کاریگەرییەک نییە لەسەر ئەرجەنتینییەکان، بەڵکوو لەسەر هەموو جیهانە و ئەو هەمیشە بنەمای سەرەکی تیپەکە بووە، ئێستا لە هەموو کاتێک گرنگترە.

وانەکەی مۆندیالی 2022 و بەراورد بە جەزائیر

راهێنەرەکەی تانگۆ ئاماژەی بەو شکستە مێژووییە کرد کە ئەرجەنتین لە یەکەم یاری مۆندیالی 2022 بەرامبەر سعوودیە تووشی هات و گوتی؛

ئێمە ئەزموونی مۆندیالی پێشوومان هەیە. یاریی یەکەم گرنگە، بەڵام تەنانەت ئەگەر شکستیشبهێنیت، دەتوانیت خۆت راست بکەیتەوە. پەیامی ئێمە بۆ یاریزانان تەنیا ئارامییە.

سەبارەت بە هەڵبژاردەی جەزائیر، سکالۆنی رایگەیاند؛

جەزائیر لە هەڵبژاردەی مەغریب دەچن. راهێنەرێکی باش و یاریزانی ئاستبەرزیان هەیە. ئێمە دەزانین لە مۆندیالدا هیچ یارییەک ئاسان نییە.

دۆخی یاریزانان و پێکهاتەی سەرەکی

سەبارەت بە خۆی یاریزانانیش، راهێنەر لە ئیمیلیانۆ مارتێنز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەوە دەستیپێکرد و دڵنیاییدا کە یاریزاناکە ئامادەیە و بەدڵنیاییەوە لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت.

هەروەها سکالۆنی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە خولیان ئالڤارێز کێشەی پاژنەی پێی هەبووە، بەڵام بەتەواوی چاک بووەتەوە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.

دواتر سەبارەت بە بەکارهێنانی سێ یان چوار بەرگریکار، سکالۆنی رایگەیاند هێشتا بڕیاریان نەداوە، چونکە هەردوو سیستەمەکەیان تاقیکردووەتەوە و چی بە پێویست بزانن ئەوە دەکەن.

نهێنیی سەرکەوتن؛ ئارامی و کەمکردنەوەی فشار

سکالۆنی جەختی لەوە کردەوە کە نهێنیی گەیشتنیان بەم ئاستە، کەمکردنەوەی فشارە لەسەر یاریزانان؛

ئێمە مۆندیالمان بردووەتەوە، بەڵام هێشتا رووبەڕووی هەمان دۆخی گرژی دەبینەوە. لە کۆتاییدا، ئەمە تەنیا وەرزشە. لە ژیاندا زۆر شتی گرنگتر لە تۆپی پێ هەیە. کاری ئێمە تەنیا ئەوەیە کە بەردەوام بین لە کێبڕکێکردن.

بابەتی زیاتر

Back to top button