ناوماڵی بارسێلۆنا؛ کاردانەوەی هانزی فلیک لەسەر خراپی ئاستی یانەکە لەم وەرزە چییە؟
گەرمترین پرس لە ناوخۆی بارسێلۆنا چییە؟

یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی بارسێلۆنا‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بەدرێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی بارسێلۆنا پێشکەشی هاندەرانی بلووگرانا دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی بارسێلۆنا و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای بارسێلۆنا چییە؟
بارسێلۆنا بە ساتێکی هەستیاری ئەم وەرزە تێدەپەڕێت، دوو یارییە لەسەریەک تووشی شکستی قورس دەبێت و فشارێکی زۆر لەسەر یانەکە دروستبووە.
دوای شکستە سەختەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بە ئەنجامی 4-0، گرژی لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا سەریهەڵدا و هانزی فلیک رەخنەی تووندی لە ئاستی ئەستێرەکانی یانەکەی گرت، لە وەڵامدا، یاریزانەکانی یانەکە نیگەرانی خۆیان لە تاکتیکەکانی راهێنەرەکەیان دەربڕی و پێیان راگەیاند ناکرێت هەموو یارییەک بەردەوام ئەو شێوازی یاریکردنە پەیڕەوبکەن کە فشاری چڕ و بەرگریی بەرزە، پێیان گوتووە پێویستە دەست لەم شێوازی یاریکردنە هەڵبگرن و واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ یارییەکان بکەن، بەتایبەت کاتێک باشترین یاریزانەکانی یانەکە ئامادەنین.

کێشەی بارسێلۆنا لە یارییەکەی جیرۆنا چی بوو؟
گێمی یەکەمی یارییەکەی بارسا و جیرۆنا بە سپێتی و بێ گۆڵ تەواو بوو، لە گێمی دووەم پاو کوبارسی بە لێدانێکی سەر یانەکەی پێشخست، بەڵام تەنیا دوای سێ خولەک جیرۆنا گۆڵی بەرامبەربوونی کرد، ئەمەش بووە شەشەمین جار لەم وەرزە بارسێلۆنا گۆڵێک بکات و دوای سێ خولەک گۆڵی لێ بکرێتەوە، لەدوای ئەو گۆڵە سەرجەم هێڵەکانی یانەکە درزی تێکەوت و نەیاندەتوانی رێ لە هێرشە هەڵگەڕاوەکانی جیرۆنا بگرن، هەرچەندە خوان گارسیا چەند تۆپێکی مەترسیداری گەڕاندەوە، بەڵام دواجار ئیچیڤێری، یاریزانی جیرۆنا گۆڵی دووەمی کرد دوای ئەوەی تۆپێکی گوماناوی لە ژووڵ کۆندێ وەرگرت.
نیگەرانییەکانی ژووری جلگۆڕینی یانەکە زیاتر بوون، یاریزانەکان رەخنەیان لە ئاستی خۆیان گرتووە، پێیان وایە بێگوێدانە هەڵەکانی ناوبژیوان، ئاستی خۆیان زۆر خراپ بووە و پێویستە بگەڕێنەوە سەر ئاستی راستەقینەیان.
فلیک چۆن چارەسەری دۆخەکە دەکات؟
هانزی دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی داوە تاوەکوو لە رووی دەروونییەوە ماندووێتییان بحەسێتەوە و پێی وایە یاریی کەمتر یارمەتی یاریزانەکان دەدات توانای جەستەییان بۆ بگەڕێتەوە تاوەکوو بتوانن باشتر پلانەکانی جێبەجێبکەن، چونکە لە ماوەی 45 رۆژدا یانەکە 13 یاریی کردووە، سەرچاوە نزیکەکانی راهێنەرەکە ئاماژەیان بەوە داوە لە یارییەکەی بەرامبەر جیرۆنا بە روونی ماندوێتی بە یاریزانەکەوە دیاربووە.
رافینیا، هێرشبەر و کاریگەرترین چەکی دەستی هانزی فلیک، هەرچەندە بە تەواوەتی ئامادەنەبوو، بەڵام بەشداریی لەو یارییە کرد تاوەکوو قەرەبووی شکستەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بکەنەوە، دواتر ئەستێرە بەڕازیلییەکە نەیتوانی یارییەکە تەواوبکات و تەنیا 63 خولەک یاریی کرد.
لەدوای یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، یاریزانانی بارسێلۆنا مەشقیان لەسەر باشترکردنی فشارکردن کردووە، بەتایبەت باشترکردنی جووڵەی هێڵی بەرگری لەکاتی فشارکردنەدا، هانزی فلیک ئامادە نییە دەستبەرداری شێوازی یاریکردنی ببێت، بەڵام کێشەی راستەقینە لە هێڵی ناوەڕاستە، یاریکردنی فڕانکی دی یۆنگ و دانی ئۆلمۆ بەیەکەوە تاوەکوو ئێستا سەرکەوتوو نییە، ستافی راهێنەران پێیان وایە گەڕانەوەی پێدری چارەسەری ئەو بابەتە دەکات.
کەشی ژووری جلگۆڕین چۆنە؟
نائومێدی باڵی بەسەر ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا کێشاوە، یاریزانەکان پێیان وایە یانەکە پێویستی بە ناوەڕاستکارێکە توانایەکی جەستەیی بەهێزی هەبێت کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی یاریگا بکات و بە تۆپیشەوە باش یاریی بکات، یاریزانەکان پێیان وایە مارک بێڕناڵ یاریزانیکی بەتوانایە بۆ داهاتوو، ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و ناتوانێت بەدرێژایی 90 خولەک یاریی بکات. نیگەرانییەکانی ناو ژووری جلگۆڕینی یانەکە لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانە، پێیان وایە لە سەرجەم یارییەکان فشاری چڕی یانەکە شکستدەهێنێت و تیپی بەرامبەر بە ئاسانی هێڵی ناوەند و بەرگری تێکدەشکێنێت. هاوکات، تیپەکە دۆخەکەی قبووڵە و پێیان وایە وەرگرتنی پشوو بژاردەیەکی باشە و یارمەتی خۆرێکخستنەوەی یانەکە دەدات.



