گرنگترینمۆندیالی 2026

بۆ یەکەمجار لە مێژووی مۆندیال؛ یاسایەکی نوێی ڤار ئەرجەنتین رزگار دەکات و ئیمبۆلۆ بە گریانەوە دەردەکات

تیۆرییەکانی پیلانگێڕی بەردەوامن؛ کارتی سوورەکەی سویسرا گومانی 'رێخۆشکردنی بردنەوە بۆ ئەرجەنتین' زیاتر دەکات

Yariga App

یاریگا –

کارتە سوورە جێی مشتومڕەکەی برێل ئیمبۆلۆ، هێرشبەری سویسرا، جارێکی دیکە تیۆرییەکانی پیلانگێڕی لە دەوری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین زیاتر کرد.

رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، لە بڕیارێکی دیکە ناوبژیوانی کە لە بەرژەوەندیی پاڵەوانی پێشووی جیهان شکایەوە، ئیمبۆلۆ بەهۆی خۆخستنەوە [نواندن] بە کارتی زەردی دووەم کرایە دەرەوە، ئەمەش دوای دەستوەردانی ڤار لە 20 خولەکی کۆتایی یاریی قۆناخی چارەکی کۆتاییدا.

رووداوەکە و یاسا مێژووییەکەی ڤار
لە سەرەتا، جواو پینهێرۆی ناوبژیوان کارتی زەردی بە لیاندرۆ پارێدێسی یاریزانی ئەرجەنتین دا؛ بەهۆی ئەوەی فاولێک لەسەر هێرشبەرە سویسرییەکە هەیە، بەڵام تیمی ڤار، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتێکی نوێ کە لەم پاڵەوانێتییەدا ناسێنراوە بۆ راستکردنەوەی بڕیارەکانی کارتی زەرد ئەگەر ببنە هۆی کارتی سوور، ناوبژیوانەکەیان بانگ کرد بۆ پێداچوونەوەی دیمەنەکە.

کاتێک ناوبژیوانە پۆرتوگالییەکە سەیری ڤیدیۆکەی کرد، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئیمبۆلۆ لە بنەڕەتدا خۆی هەڵداوە و قاچی درێژ کردووە بۆ ئەوەی بەر پارێدێس بکەوێت، بۆیە راستەوخۆ بڕیارەکە گۆڕدرا، فاولەکەی ئەرجەنتین رەتکرایەوە و کارتی زەرد بە ئیمبۆلۆ درا، بەوپێیەی لە گێمی یەکەمیش کارتێکی زەردی هەبوو [بەڕێکەوت ئەویش بەهۆی فاولێکەوە بوو لەسەر هەمان یاریزان پارێدێس]، بەگریانەوە یاریگای جێهێشت.

تووڕەیی سویسرا و گومانی هاندەران
تووڕەیی سویسرییەکان لەوە بوو کە ئەم رووداوە راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە دان ئێندۆی گۆڵی یەکسانبوونی بۆ سویسرا کرد و یارییەکەی هێنایەوە خاڵی سەرەتا.

بەکارهێنانی ئەم یاسایەی ڤار، بەتایبەتی دوای ئەو گومانانەی لە یارییەکەی ئەرجەنتین و میسڕ دروست بوون، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. ئامارێکی سەرسوڕهێنەر هەیە کە دەریدەخات یاریزانانی ئەرجەنتین لەم مۆندیالە بۆ هەر 20 فاولێک تەنیا یەک کارتیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا هەڵبژاردەیەکەی وەکوو ئینگلتەرا بۆ هەر 6 فاولێک کارتێک وەردەگرێت.

هەندێک لە هاندەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس  پێیان وایە کە ئەمە گەندەڵترین مۆندیالە لە ساڵی 1966ـەوە و هەمان سیناریۆی یارییەکەی میسڕ دووبارە دەکرێتەوە چونکە بە گوتەی ئەوان فیفا پێویستی بەوەیە مێسی لە یاریی کۆتاییدا بێت بەهۆی سپۆنسەرەکانەوە.

شارەزایان بوون بە دوو بەرە
سەرەڕای ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی فیفا و ناوبژیوانان دەکرێن، شارەزایان هەندێکیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی دروست بووە. برادلی فیلیپس، شیکەرەوەی تۆڕی ITV رایگەیاند؛

من دڵگرانم بۆ هاوڕێکانی ئیمبۆلۆ، نەک بۆ خودی یاریزانەکە، ئەو بەم کارەی بووە هۆی ئەوەی تیپەکەی نەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی.

بەڵام رۆژنامەنووسێکی دیاری وەکوو تۆم بۆگرێت، کە رۆژنامەنووسی تۆڕی ئاتلێتیکە، لەوبارەیەوە دەڵێت؛

ڤار دەستوەردان دەکات بۆ ئەوەی کارتی زەردی دووەم بە ئیمبۆلۆ بدات تەنیا لەبەر ئەوەی ناوبژیوان لە سەرەتا بڕیارێکی هەڵەی داوە بە پێدانی کارتی زەرد بە پارێدێس؟ ئەگەر تەنیا فاولێک بووایە و کارتی زەردی تێدا نەبووایە، ئەوا هەر نەدەتوانرا لەلایەن ڤارەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، شێتییەکی تەواوە، تام و چێژی یارییەکە نەما، کەمێک ڤار کەم بکەنەوە، لەبەر خاتری خوا.

بابەتی زیاتر

Back to top button