دوای درەوشانەوەی لە مۆندیال؛ جوالیان کوینۆنێس شەڕی گواستنەوە لەنێوان یانەکانی پرێمەرلیگ دروست دەکات
کێبڕکێی پرێمەرلیگ بۆ بەدەستهێنانی هێرشبەرەکە مەکسییەکە دەستپێدەکات

یاریگا –
جوالیان کوینۆنێس، هێرشبەری هەڵبژاردەی مەکسیک، خۆی وەکو یەکێک لە یاریزانە هەرە درەوشاوەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ سەلماند و ئێستا یانەکانی ئینگڵتەرا شەڕی بەدەستهێنانی واژۆی دەکەن.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دوای پێشکەشکردنی زنجیرەیەک ئاستی بەرز و سەرنجڕاکێش لە پاڵەوانێتییەکەدا، هێرشبەرەکەی یانەی قادسیەی سعوودی بووەتە ئامانجی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا، بەتایبەتی یانەکانی خولی نایابی ئینگلیزی.
Julian Quiñones – World Cup 2026 pic.twitter.com/Tt8w6zUHpP
— . (@opcompss) July 6, 2026
پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەم هێرشبەرە بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی خۆی بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای لە خولی سعوودیە و ئەو بڕە پارە زۆرەی کە وەکوو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دانراوە.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکوو ئێستا هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی پێشکەش نەکراوە، بەڵام راپۆرتە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە یانەکانی چێڵسی و ئاستۆن ڤێلا چاودێریی وردی ئەستێرەکەی مەکسیک دەکەن، هەردوو یانەکە ئامادەکاری بۆ پڕۆژەی گەورە و ئامانجی گەورە لە وەرزی نوێ دەکەن.
ئاستۆن ڤێلا، کە هەڵگری نازناوی یۆرۆپالیگە، بە سەرکردایەتی ئۆنای ئێمری هەوڵدەدات پێکهاتەکەی بەهێزتر بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کێبڕکێ لەسەر پێگەکانی پێشەوەی پرێمەرلیگ بکات و تەنانەت ببێتە کێبڕکێکارێکی سەرسەختی نازناوەکە.
سەرەڕای ئەوەی کینۆنێس یاریزانێکی فرەبەهرەیە و دەتوانێت وەکوو هێرشبەری ناوەڕاست و باڵەکان یاری بکات، بەڵام چوونە نێو پێکهاتەی سەرەکی ئێمری ئاسان نابێت، یاریزانەکە رووبەڕووی کێبڕکێیەکی قورس دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی چێڵسی بژاردەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە و بەسەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ، یانە لەندەنییەکە لە قۆناخی دروستکردنەوە و گۆڕانکارییەکی گەورەدایە لە پێکهاتەکەیدا.
پێشبینی دەکرێت چەند یاریزانێک لەوانە ئالیخاندرۆ گارناچۆ و جەیمی گیتنس یانەکە جێبهێڵن، ئەمەش دەکرێت دەرفەتێکی زێڕین بۆ کوینۆنێس لە باڵی چەپدا بڕەخسێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی پێگەی سەرەکی لە هێڵی هێرشبەری چێڵسیدا ئاگرین دەبێت، چونکە یانەکە خاوەنی چەندین یاریزانی لاو و بەتوانایە لەو هێڵەدا، لەوانە: ئێستێڤاو، پێدرۆ نێتۆ، جواو پێدرۆ، لیام دیلاپ، مارک گویۆ و دەیڤد فۆفانا.



