
یاریگا –
پاریس سانجێرمان دەیەوێت لیۆن لە دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە دووەکانی فەڕەنسا دەرباز بکات، یانەکەی پایتەخت بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی یارمەتی لیۆن دەدات.
کەناڵی RMC Sportـی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان بۆ ئەوەی لیۆن لە دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە دووەکانی فەڕەنسا رزگار بکات، بڕیاری داوە تەواوی پارەی گرێبەستی برادلی بارکۆلا بدات، کە ئەو هێرشبەرە لاوە فەڕەنسییە هاوینی 2023 لە لیۆنەوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد.
کەناڵە فەڕەنسییەکە راشیگەیاندووە، بارکۆلا کە هاوینی 2023 لە لیۆنەوە بە قیست پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان کرد، بەگوێرەی گرێبەستەکەی دەکرێت بە چەند قیستێک پارەی گرێبەستەکەی بە لیۆن بدرێت، بەڵام یانەکەی پاریس بۆ ئەوەی یارمەتی لیۆن بدات و لە دابەزین رزگاری بکات، بڕیاریداوە تەواوی پارەی گرێبەستەکەی بارکۆلا بدات.
سێشەممەی رابردوو یانە فەڕەنسییەکە بەهۆی قەیرانی دارایی و کەڵەکەبوونی قەرزەکانی دابەزێنرایە ریزی یانە پلەدووەکانی فەڕەنسا، بەڵام لیۆن رایگەیاندووە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا رێککەوتوون مافی بەشداریکردنی لە یۆرۆپالیگ لێ نەسەنرێتەوە و وەرزی داهاتوو بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەکات.