ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو ئەو زانیارییە نەبیستراوانەی پێویستە لەسەر ئارنۆڵد بیزانی!

ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و کۆتایی چیرۆکێکی ئەفسانەیی لیڤەرپوول...

Yariga App

ترێنت کوڕێکی ئاسایی خەڵکی لیڤەرپوول بوو کە خەونێکی تارادەیەک مەحاڵی بەدەستهێنا؛ لە بینەر بوون لە پشت دیوارەکانی مێلوودەوە، تا بردنەوەی پاڵەوانێتی ئەوروپا و پرێمەرلیگ پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 21 ساڵ.
یەکێک بوو لەو یاریزانە رەسەنانەی کە خەڵکی شارەکەی بە ناوی بچووکی ناویان دەهێنا: “ترێنت”.

خەونی بە کاپتنی لیڤەرپوولەوە دەبینی، بەڵام لە تەمەنی 26 ساڵیدا بڕیاری جێهێشتنی لیڤەرپوڵی دا؛ گرێبەستەکەی نوێ نەکردەوە و بڕیارە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.

لەم راپۆرتەدا باسی ژیانی ترێنت ئالێکساندر ئارنۆلدتان بۆ دەکەین.

ترێنت لە منداڵیدا بە تاقی کردنەوە لە ئەکادیمیادا هەڵبژێردرا و بە هەوڵ و پابەندبوونێکی چڕ ڕێڕەوی پیشەیی خۆی بنیاتنا.

دایکی رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پەروەردەکردنیدا، هەمیشە بەدوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕا لە نێوان پەروەردە و تۆپی پێدا.
بەهرە و ماندووبوون و عەقڵیەتی بردنەوە لە کوڕێکی ئاساییەوە گۆڕی بۆ یەکێک لە یاریزانە تایبەتەکانی نەوەی خۆی.

ئارنۆڵد لەگەڵ ماڵباتەکەی

ئەوەی جێگای سەرنجە سەرەڕای ئەوەی ئارنۆڵد بووە ئەستێرەیەکی دیاری لیڤەرپوول، بەڵام رەگ و ریشەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانچسێتەر یونایتد.
دایکی پەیوەندی بە جۆن ئەلێکساندەر سکرتێری پێشووی مانچێستەر یونایتدەوە هەیە. لەوەش سەیرتر، سێر ئەلێکس فێرگسۆن، راهێنەری ئەفسانەیی یونایتد، لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، یەکەم خۆشەویستی راستەقینەی دۆرین کارلینگ، داپیرەی دایکی ترێنت بووە!

دوای هەژدە مانگ لە پەیوەندی خۆشەویستی، دۆرین بەریتانیای بەجێهێشت رووی لە نیویۆرک کردو هەر لەوێش هاوسەرگیری کرد، ئەمەش وایکرد ترێنت هەلی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئەمریکاشی پێبدرێت.

ئایا دەزانن ترێنت یەکەمجار هێرشبەر بوو؟

کاتێک ئالێکساندر منداڵ بوو و یاری بۆ کانتری پارک دەکرد، پێگەی ئەو هێرشبەری ناوەڕاست بوو. بەزۆری تیپەکەیان بە جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کاتێک دەچوونە پێشەوە، ترێنت دەچووە بەرگری ناوەڕاست بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئەنجامەکە بکات.

هەر لەو یانەیە جارێکیان کە خەریک بوو لێدانێکی گۆشە جێبەجێ بکات، راهێنەرەکەی ئاگاداری کردەوە، ئەگەر تیپی بەرامبەر هێرشی پێچەوانە بکات و گۆڵی تۆمار بکەن، ئەوە من یەخەی تۆ دەگرم.
قسەی راهێنەر درووست بوو هێرشی پێچەوانەیان کرد بەڵام ترێنت بە خێرایی رایکرد و بەر لە هەموو بەرگریکارەکانی تر گەیشتە تۆپەکە و رێگری لە هێرشە هەڵگەڕاوەکە کرد.
لەبری ئەوەی شەڕ بکەن، راهێنەرەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەم منداڵە هەر لەسەرەتاوە رۆحێکی تایبەتی شەڕکردنی هەیە و بەم شێوەیە بوو لەمەودوا لە شوێنی بەرگریکار یاریی کرد.

بەلام ئەم لاوە چۆن لە لیڤەرپوول سەرکەوتوو بوو کێ رۆڵی لە پێگەیاندنی هەبوو؟

یۆرگن کلۆپ رۆڵی سەرەکی بینی لە پێگەیاندنی ترێنت.
یەکەم یاری ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول بەرامبەر تۆتێنهام لە جامی یەکێتی ئینگەلتەرا بوو لە 2016؛ تەنانەت نەیدەزانی یاری دەکات تا یانەکە لە نیوەڕۆی رۆژی یارییەکەدا پێکهاتەکەیان ئاشکرا کرد و ناوی خۆی لە پێکهاتەدا بینی. ترێنت یەکسەر چووە ژوورەکەی و تەلەفۆنی بۆ دایکی کرد و ئاگاداری کردەوە و بە بیستنی هەواڵەکە لە خۆشیا گریا.

دوای ئەو یارییە کلۆپ باوەڕی بە بەهرەکەی هەبوو و بەردەوام پشتگیری دەکرد و گوتی داهاتوویەکی گەشاوە چاوەڕێی دەکات ئەم یارییە سەرەتای ژیانی وەرزشی ئارنۆڵد بوو لەگەڵ تیپی یەکەمی لیڤەرپوول.
هەروەها لە مەشقەکاندا، ترێنت ئاماژەی لە یاریزانە بە ئەزموونەکانی وەک هێندێرسۆن و میلنەر وەردەگرت و بەردەوام چاودێری رەفتارەکانیانی وەک خۆراکیان و هەڵسوکەوت، هەموو شتێکی دەکرد.

سەر‌هەڵدانی کێشەکانی ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول لە کەیەوە دەستی پێکرد؟

کاتێک دۆخی ئیدارەی یانەکە پشێوی تێکەوت (بە رۆیشتنی ئێدواردز و دەستلەکارکێشانەوەی جولیان وارد)، کلۆپ بڕیاریدا خۆی بەڕێوەبەرێکی وەرزشی کاتی بهێنێت، بەڵام تەنیا سەرنجی لەسەر گرێبەستی یاریی نوێدا بوو – کەس بەدوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئارنۆڵد نەبوو. یانەکە لە دانوستانەکانی درێژکردنەوەدا زۆر سست بوون؛ چەند مانگێک تێدەپەڕی بەڵام هیچ گفتوگۆیەک نەبوو.

لە کۆتاییدا شتەکان بەرەو خراپتر رۆیشتن کاتێک کلۆپ لە مانگی یەکی ساڵی 2024 رایگەیاند کە لیڤەرپوول جێدەهێڵێت و ئەم نادڵنیاییەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە وایکرد ترێنت بیر لە جێهێشتنی لیڤەرپوول بکاتەوە.

چەندجارێکیش لە چاوپێکەوتنەکاندا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئامانجی ئێستای تەنیا کاپتنی لیڤەرپوول نییە، بەڵکو دەیەوێت گۆڕانکاری دروست بکات و تەنانەت هەوڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بدات و ئاماژەگەلێک هەن کە دەریدەخەن مەیلی بەرەو ریال مەدرید هەبووە و بیری لە داهاتوویەکی گەشاوەتر لەگەل مێرەنگی کردووەتەوە. شانبەشانی ئەوەش، بینینی سەرکەوتنی هاوڕێکەی جود بێلینگهام لە ریال کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە؛ ترێنت تێگەیشت کە ریال مەدرید دەتوانێت لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی وەرزشی و ناوبانگێکی جیهانیت پێببەخشێت.

رەنگە هاندەران هەموویان لەگەڵ بڕیاری جێهێشتنیدا نەبن، بەڵام ترێنت بۆ هەمیشە وەک بەشێک لە سەردەمی زێڕینی کلۆپ دەمێنێتەوە. هەروەها لە ڤیدیۆ ماڵئاواییکردنەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە بۆ داهاتووی خۆی بووە نەک دژی یانەکە و خۆشەویستیی بۆ لیڤەرپوول “هەرگیز کاڵ نابێتەوە”.

بابەتی زیاتر

Back to top button