هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی نەورۆز و زەوڕا لەهەمان کاتدا گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانێک واژۆ کردووە
حوسێن زیاد بەگوێرەی یاسا یاریزانی کام یانەیە؟

یاریگا –
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026 یانەی نەورۆز بەفەرمی گواستنەوەی حوسێن زیاد، یاریزانی پێشووی یانەی کەرخی راگەیاند، بەڵام دوێنێ دووشەممە یانەی زەوڕا گواستنەوەی هەمان یاریزانی راگەیاندبوو، ئەمەش پرسیارێکی گەورەی لای هەمووان دروستکردووە، کە چۆن یەک یاریزان لە هەمان کاتدا گرێبەستی لەگەڵ دوو یانە واژۆ کردووە.
راستییەکان و وردەکاریی چیرۆکەکە؛
تۆڕی وەرزشیی یاریگا شەوی رابردوو وەکوو یەکەم سەرچاوە ئاشکرایکرد، حوسێن زیاد مانگێک لەمەوبەر بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەورۆز واژۆ کردووە، دواتریش گرێبەستی لەگەڵ زەوڕا واژۆکردووە و لەهەمان کاتدا لەگەڵ دوو یانە گرێبەستی واژۆ کردووە، بەو هۆیە یاریزانەکە تووشی کێشەیەکی یاسایی گەورە دەبێت و ئەگەری راگیرانی لەسەرە.
یانەی زەورا لە ماوەی رابردوودا هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی گرێبەستی حوسێن زیاد لەگەڵ یانەی نەورۆز هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەرجەم فشارەکان شکستیانهێنا و یانەی نەورۆز سوورە لەسەر ئەوەی، کە ئەم یاریزانە یاریزانی یانەی نەورۆزە و بەهیچ شێوەیەک بەخۆڕایی دەستبەرداری نابن.
یانەی نەورۆز تووشی شۆکبووە کاتێک بینیوویەتی یانەی زەوڕا گرێبەستی ئەو یاریزانەی راگەیاندووە، بڕیاریانداوە لە ئەگەری چارەسەرنەکرانی کێشەکە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن.
دوای راپۆرتە تایبەتەکەی تۆڕی وەرزشیی یاریگا، یانەی نەورۆز ئەمڕۆ بەفەرمی گواستنەوەی حوسێن زیادی راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە یانەی زەوڕا هێشتا لە هەژماری فەرمی خۆی حوسێن زیادی وەکوو یاریزانی نوێی یانەکەی ناساندووە و راگەیەنراوەکانی نەسڕیوەتەوە.
تایبەت بە یاریگا؛ یاریزانێک کێشەی یاسایی لە نێوان نەورۆز و زەورا دروست دەکات



