یانەیەکی گەورەی ئەوروپا 100 ملیۆن پاوەند بۆ ئالڤارێز تەرخان دەکات
وەرزی رابردوو لە گواستنەوەی ئالڤارێز نزیکبوو

یاریگا –
لیڤەرپوول لە ئێستاوە بە دوای هێرشبەرێکی گۆڵکار بۆ وەرزی داهاتوو دەگەڕێت و چەندین ناو لەسەر مێزی یانەکەی مێرسیساید هەن.
لە ماوەی رابردوودا زۆر باس لە گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک، هێرشبەری نیوکاسڵ بۆ لیڤەرپوول دەکرا، بەڵام یاریزانەکە لەلایەن چێڵسی و ئارسیناڵیشەوە داواکراوە و بردنەوەی گرەوەکە ئاسان نییە.
پێگەیەکی نزیک لە لیڤەرپوول بە ناوی ئانفیڵد ئیندێکس راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر گرنگیپێدانی یانەکە بە خولیان ئالڤارێز، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بڵاوکردووەتەوە.
گۆنزالۆ سێگریست، زانیاری دەستخەری لیڤەرپوول لە ئەمریکای باشوور، لە هاوینی رابردوودا هەوڵی زۆری بۆ گواستنەوەی ئالڤارێز بۆ لیڤەرپوولدا، بەڵام لە کۆتاییدا پەیوەندی بە ئاتلێتییەوە کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەکە بێت، ریچارد هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرپوول لە ماوەی رابردوودا گەشتی مەدریدی کردووە و لەگەڵ فێرناندۆ هیدالگۆ، بەڕێوەبەری کارەکانی ئالڤارێز کۆبووەتەوە.
سێگریست، زانیاری دەستخەرەکەی لیڤەرپوول رۆڵێکی باڵای لە گواستنەوەی ئەلێکسیس ماک ئالیستەر لە برایتنەوە بۆ لیڤەرپوول گێڕا، ئەمەش بەهۆی پەیوەندی تۆکمەی لەگەڵ خوان مانوێل گێمێلی، بەڕێوەبەری کارەکانی ماک ئالیستەر.
بەر لە گواستنەوەی ئالڤارێز بۆ مەدرید، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی گفتوگۆی زۆریان لەسەر گواستنەوەی ئالڤارێز کرد، تەنانەت لیڤەرپوول ئامادەبوو دەستبەرداری لویس دیاز بێت بۆ مانچێستەر سیتی. کێشەی سەرەکی هەردوو یانەکە لەسەر دەستنیشانکردنی نرخی دیاز بوو. لیڤەرپوول پێی وابوو نرخی دیار لە دەوروبەری 60 ملیۆن پاوەندە، کەچی مان سیتی بەهای دیازیان بە 45 ملیۆن پاوەند خەمڵاند.
لە کۆتاییدا ئالڤارێز بەبڕی 65 ملیۆن پاوەند و 16 ملیۆنی پەیوەست بە ئاست و ئەنجامی یاریزانەکە، پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ کرد.
لەم وەرزەدا ئالڤارێز بەشداری لە 20 گۆڵی ئاتلێتیکۆ مەدریددا کردووە و لیڤەرپوول ئامادەیە بڕی 100 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی خەرج بکات.