ئەوکاتە وازدەهێنم کە خۆم دەمەوێت؛ رۆناڵدۆ سوپاسی رەخنەگرانی دەکات و دەڵێت 23 ساڵە هەوڵی لەناوبردنم دەدەن
"ئەمە دوایین مۆندیالی منە"

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی تۆپی پێ و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەر لە یارییە چارەنووسسازەکەی قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2026 بەرامبەر ئیسپانیا، بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
هێرشبەرە تەمەن 41 ساڵەکە بەفەرمی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە کۆتا مۆندیالی دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا وەڵامێکی توندی رەخنەگرانیشی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەیە رووبەڕووی هەر ئاڵەنگارییەک ببێتەوە.
رووبەڕووبوونەوەی رەخنەگران بەتەنزەوە
سەبارەت بەو ڕەخنانەی بەردەوام لێی دەگیرێن و پرسیارکردن لە پێگەی سەرەکیی لە پێکهاتەی پۆرتوگالدا، رۆناڵدۆ بەڕاشکاوی رایگەیاند؛
23 ساڵە ئێوە [میدیاکان] هەوڵی لەناوبردنم دەدەن، بەڵام پێشوەختە تێگەیشتوون کە ئەو کارە بێسوودە و شایەنی ئەوە کاتکوشنە نییە.
سەبارەت بە رەخنەکانی تیێری هێنری کە وتبووی پێویستە تیپەکە گۆڵ بکات نەک تەنیا کریستیانۆ، رۆناڵدۆ ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی پۆرتوگال هەمیشە لە پشتییەوەن و هەموو قسەکانی دیکە هیچ بەهایەکیان نییە.
رۆناڵدۆ تەنانەت سوپاسی رەخنەگرانیشی کرد و گوتی؛
فێربووم دوای تەمەنی 40 ساڵی، گەورەترین رەخنەکانن کە وادەکەن زیاتر وەکوو مرۆڤ گەشە بکەین، بۆیە سوپاستان دەکەم کە بەردەوامن لەو کارە، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان وا دەکات زیاتر و زیاتر گەشە بکەم.
کۆتا مۆندیال و بڕیاری وازهێنان
رۆژنامەنووسان بەردەوام پرسیاریان لەبارەی ئەوە دەکرد کە ئەمە کۆتا مۆندیالییەتی، ئەمەش رۆناڵدۆی کەمێک بێزار کرد، بەڵام بە پێکەنینەوە وەڵامی دانەوە؛
من کاتێک کۆتایی بە کاروانەکەم دەهێنم کە خۆم بمەوێت، نەک کاتێک ئێوە بتانەوێت،دیارە ناتانەوێت جارێکی دیکە بێمەوە ئێرە، وایە؟ تێگەیشتم و گوێم لێتان بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتی کردەوە؛ بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە: دەمەوێت توەکوو ا ئەوپەڕی چێژ لەم ڕۆژانە ببینم، چونکە ئەمە کۆتا مۆندیالە.
میرات و بەهای نازناوی مۆندیال
رۆناڵدۆ کە بۆ شەشەمین جار بەشداریی مۆندیال دەکات، سەبارەت بە نەبردنی نازناوەکە و کاریگەریی لەسەر مێژووەکەی گوتی؛
ئەگەر مۆندیال ببەمەوە نابمە کریستیانۆیەکی گەورەتر، ئەگەر نەشیبەمەوە نابمە کریستیانۆیەکی کەمتر.
چ یارییەکەی دووشەممە ببنەینەوە یان بیدۆڕێنین، من لێرە بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دەڕۆم، نەک سەدا سەد، بەڵکوو بەڕێژەی %1000 ئاسوودەم.
ئامۆژگاری بۆ لامین یامال و ستایشی ئیسپانیا
یامال یاریزانێکە داهاتوویەکی پڕشنگداری لەپێشە، بەڵام ئامۆژگاریی دەکەم کە تاوەکوو زووە و بەخێرایی خۆی لەگەڵ رەخنەگراندا بگونجێنێت، چونکە تۆپی پێ هەمیشە لە ژێر ئاگری رەخنەدایە.



