باوکی هاڵاند بۆمبەکە دەتەقێنێتەوە؛ هەموو یاریزانێک دەیەوێت یاری بۆ ریال مەدرید بکات
باوکی هاڵاند پێش یارییەکەی بەرازیل و نەرویج لە لێدوانێکیدا هەمووانی سەرسام کرد

یاریگا –
جارێکی دیکە ناوی ئێرلینگ هاڵاند لە ئاسۆی ریال مەدرید دەرکەوتەوە و ئەمجارەیان ئالفی هاڵاندی باوکی بوو کە دەنگۆی پەیوەندیکردنی هێرشبەرە نەرویجییەکەی بە یانەی شاهانەوە زیاتر کرد.
بە بێ باسکردنی کات یان دانوستان و بە روونکردنەوەی ئەوەی کە کوڕەکەی لە مانچێستەر سیتی دڵخۆشە، ئالفی لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی DAZN دانی بەوەدانا کە یاریکردن بۆ ریال مەدرید ئاواتی هەموو یاریزانێکە.
EL PADRE DE HAALAND SE DEJA QUERER 🚨
”Está muy contento en el City, pero cualquiera quiere jugar en el Real Madrid”#DAZNMundial #FIFAWorldCup pic.twitter.com/Lxa2yvBkAM
— DAZN España (@DAZN_ES) July 5, 2026
باوکی هێرشبەرە نەرویجییەکە رایگەیاند؛
نامەوێت زۆر لەسەر هەڵبژاردنی یانەکانی دیکە قسە بکەم، ئەو لە مان سیتی دڵخۆشە و گرێبەستێکی درێژخایەنی هەیە، بەڵام هەموو یاریزانێک دەیەوێت یاری بۆ ریال مەدرید بکات و لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان هاڵاند روو لەو یانەیە بکات.
کاردانەوەی لێدوانەکان و هەڵبژاردنەکانی مەدرید
رۆژنامەی مارکا لەوبارەیەوە نووسیەتی، ئەم قسانەی باوکی هاڵاند گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئینریکی ریکێلمێ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی ریال مەدرید ناوی ئەو یاریزانەی هێنایە ئاراوە.
ئەو بازرگانە لەو کاتەدا دووپاتی کردەوە کە ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرە نەرویجییەکە یەکلایی بووەتەوە، هەرچەندە بوونی هەر جۆرە رێککەوتنێک یان پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو بەربژێرە لەو کاتەدا لەلایەن کەسە نزیکەکانی یاریزانەکەوە رەتکرایەوە.
دەرگایەک بە کراوەیی ماوەتەوە
بەڵام ئێستا، ئالفی هاڵاند پێی باشتر بوو نەچێتە نێو قووڵایی ئەو بابەتەوە، نە پشتڕاستی کردەوە و نە رەتیشیکردەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی یانە سپییەکە هەبووبێت، کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی رۆژێک کوڕەکەی لە ئیسپانیا یاری بکات، جارێکی دیکە دەرگاکەی بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی؛
رەنگە، رەنگە، لە تۆپی پێدا هەمیشە دەرفەت هەیە، لە ئیسپانیا تیمی ناوازە و یانەی گەورە هەن، هەرگیز نازانیت چی روودەدات، بەڵام ئێستا ئەو لە ئینگلتەرایە و دڵخۆشە.
هێرشبەرەکە گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە و کەسانی دەوروبەری جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئینگلتەرا دڵخۆشە، بەڵام ئالفی نەیویست هیچ دەرگایەک دابخات، بەتایبەتیش دەرگای ریال مەدرید.



