دڵیان شکاند؛ بۆچی ئارسیناڵ لە گواستنەوەی گەوهەرەکەی لێستەر سەرکەوتوو نەبوو؟
خەونی بە یاریکردن بۆ ئارسیناڵ دەبینی بەڵام لە ساتێکدا هەموو شتێک گۆڕا

یاریگا –
مانچێستەر سیتی سەرکەوت بەسەر ئارسیناڵ و گرێبەستی جێرێمی مۆنگا، یاریزانی باڵی هێرشبەریی لێستەر سیتی یەکلایی کردەوە، بەڵام ئەوەی لای هەمووان پرسیارە، مان سیتی چۆن لەپڕ ئەو یاریزانەی لە ئارسیناڵ رفاند، لەکاتێکدا ئارسیناڵ یەک هەنگاو لە گواستنەوەی دوور بوو.
تۆڕی سکای سپۆرتس ئاشکرایکردووە، ئارسیناڵ لەگەڵ جێرێمی مۆنگا لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتبوو، لەگەڵ لێستەر سیتیش گفتوگۆیەکی درێژخایەنی کرد، مۆنگا خەونی بە یارکردن بۆ ئارسیناڵ دەبینی بەڵام گەنەرز ئامادە نەبوو ئەو نرخە بە یاریزانەکە بدات کە لێستەر داوای دەکرد، لە بەرامبەردا ئێنزۆ مارێسکا توانی بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی درێژخایەن مۆنگا رازی بکات پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی بکات.
مۆنگا پێنج رۆژی دیکە تەمەنی دەبێتە 17 ساڵ و بەشێوەیەکی یاسایی دەتوانێت یەکەم گرێبەستی پیشەگەریی واژۆ بکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، مانچێستەر سیتی لەبەرامبەر گواستنەوەی مۆنگا 12.5 ملیۆن پاوەند بە لێستەر سیتی دەدات.

مۆنگا چ جۆرە یاریزانێکە؟
مۆنگا زیاتر قاچی راستە بەکاردەهێنێت، حەزدەکات راستەوخۆ بەرەو یاریزانانی دڵی بەرگری بڕوات و بە تێپەڕاندنیان گۆڵ بکات.
توانای رووبەڕووبووەنەوەی یەک بەرامبەر یەکی مۆنگا لە مەشقەکانی لێستەر سیتی، زۆرێک لە یاریزانە بەئەزموونەکانی سەرسام کردووە، بەڵام هەندێک لە یاریزانەکان تووڕە دەبن کاتێک مۆنگا تۆپ بەنێوان قاچەکانیان تێدەپەڕێنێت.
لێستەر سیتی زیاتر لە باڵی چەپ بەکاریهێناوە بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە و بە قاچی راستە شووت بکات، راهێنەری هەڵبژاردەی ژێر 18 ساڵانی ئینگلتەڕا لە باڵی راستیش یاریی پێکردووە، هەروەها هاوشێوەی گۆڵەکەی بەرامبەر یۆنان لە 31ـی ئادار، دەتوانێت لە ناوەڕاستیش یاریی بکات.
ئامارەکان دەیسەلمێنن مۆنگا هێرشبەرێکە حەز بە بڕینی بەرگریکاران دەکات، لە هەر 90 خولەکێکی یاریکردن بە رێژەی 7.8 هەوڵی بڕینی یاریزانانی داوە. لەکۆی 1088 خولەک یاریکردن بەڕێژەی %36 لە بڕینی یاریزانان سەرکەوتوو بووە.
هەروەها دوای بڕینی یاریزانان سێ پاسی یەکلایی کەرەوەی داوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی زۆر، دەتوانێت بڕیاری دروست بدات.

بێگومان مۆنگا هێشتا یاریزانێکی تەواو پێگەیشتوو نییە، وەکوو هەموو یاریزانێکی لاوی دیکە پێویستە لە چەند لایەنێک گەشە بکات.
لەڕووی بەرگرییەوە پێویستە بزانێت کەی و چۆن بگەڕێتەوە بۆ هاوکاریکردنی بەرگریکاران و لە هێرشبردنیشدا دەکرێت لە پاسی کۆتاییدا باشتر بێت.
ئەو خاڵە لاوازانەش بە کۆکردنەوەی ئەزموون و مەشق و راهێنان چارەسەردەکرێن، بەڵام ئەو هۆکارەی وایکردووە زۆرینەی یانەکان هەوڵی گواستنەوەی بدەن ئەوەیە هەموو ئەو بنەمایانەی تێدایە کە دەیکات بە هێرشبەرێکی دیاری پرێمەرلیگ.
ئاشقی بڕینی بەرگریکارانە؛ ئارسیناڵ گەوهەرێکی لە چنگی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی دەرهێنا



