خەونێکە؛ پێدری سەبارەت بە یاریی داهاتوو، سەرسامیی خۆی بۆ ڤیتینیا، بالۆن دۆر و لیۆنێل مێسی قسە دەکات
"چێژ لە سەیرکردنی دەبینم"

یاریگا –
لەگەڵ بوونی یاریگای مێژوویی کۆتن بۆڵ لە دالاس وەکوو شوێنی نمایشەکە، پێدری پێش رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی 16ـی ئیسپانیا بەرامبەر پۆرتوگال لەگەڵ رۆژنامەی ئاس چاوپێکەوتنێکی کرد. یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا سەبارەت بە یاریی داهاتوو، سەرسامیی خۆی بۆ ڤیتینیا، بالۆن دۆر و لیۆنێل مێسی قسەی کرد.
یاریی نێوان ئیسپانیا و پۆرتوگال بە یاریی 2 ملیار یۆرۆ ناو دەبرێت. تاوەکوو ئێستا پێداچوونەوەتان بۆ یاریی کۆتایی نەیشنزلیگی ساڵی رابردوو کردووە؟
هێشتا نەخێر، بەڵام ئێستا لەگەڵ راهێنەر و شیکەرەوەکاندا پێداچوونەوەی بۆ دەکەین. سەیری ئەو شتانە دەکەین کە پێویستە راستیان بکەینەوە، چ شتێکمان باشتر کردووە و چ شتێکیش هێشتا پێویستی بە کارکردن هەیە. هەمیشە دەرفەت بۆ باشتربوون هەیە و لەبیرمانە کە ئەو یارییە کۆتایییەمان دۆڕاند. دەمانەوێت لە مۆندیالدا لەو هەستە تاڵە رزگارمان بێت.
خەڵکی زۆر باس لە جەنگی نێوان پێدری بەرامبەر ڤیتینیا دەکەن. ئێوە چەندین جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، لەوانەش لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا. بۆچوونت چییە سەبارەت بەو و ئارەزوو دەکەیت چی لە شێوازی یاریی ئەو وەربگریت؟
ڤیتینیا ئاستێکی باڵای هەیە، بەتایبەتی کاتێک تۆپی لایە، چۆن کۆنترۆڵی کەشی یارییەکە دەکات. هەرکاتێک لە بەرامبەریدا یاریی بکەم، بەوە سەرسام دەبم کە چەندە زۆر رادەکات. ئەو هەرگیز بە دەستەوەستان نامێنێتەوە. هەمیشە بە پاسەکانی هاوتیمە ئازادەکە دەدۆزێتەوە و وەکوو ئەوەی گوتم، ئەو لە لووتکەدایە. یەکێکە لە باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لە جیهاندا.
لە ساڵی 2025، هەردووکتان لەنێو گفتوگۆکانی بالۆن دۆردا بوون. هەرگیز وێنای خۆتت کردووە کە بیبەتەوە؟ خەونت پێوە بینیوە؟
هەموو کەسێک خەون بە بردنەوەی بالۆن دۆرەوە دەبینێت، هەر کەسێک کە ئەم وەرزشە دەکات. ئەمە خەڵاتێکی تاکەکەسییە و من نازناوەکانی تیم پێش دەخەم، بەڵام پێم وایە ئەگەر پرسیار لە هەر یاریزانێکی تیمی نیشتمانی بکەیت، هەموویان حەز دەکەن بالۆن دۆر ببەنەوە. ئەگەرچی ئێمە لە ئێستاوە دانەیەکمان هەیە… (بەپێکەنینەوە).
درەوشانەوەی تۆ لە کاتێکدا بوو کە مێسی هێشتا لە بارسێلۆنا بوو. چاودێریی مۆندیالی ئەو دەکەیت؟ ئەگەر باسی خەونەکانیش بکەین… حەز دەکەیت یاریی کۆتایی مۆندیال بەرامبەر ئەو بکەیت؟
ئەوە خەونێکی باوەڕپێنەکراو دەبێت چونکە بەو واتایە دێت کە ئێمە گەیشتووینەتە یاریی کۆتایی مۆندیال. ئەوە نیشانەیەکی نایاب دەبێت. من چێژ لە سەیرکردنی دەبینم. پێشتریش چێژم لە راهێنان لەگەڵیدا لە بارسێلۆنا دەبینی و ئەوەی ئەو لەم تەمەنەیدا دەیکات باوەڕپێنەکراوە. تەنیا کەسێک بەو کوالێتییەی ئەو دەتوانێت ئەوە بکات. بەلای منەوە، ئەو گەورەترین یاریزانی مێژووە.



