گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

کریستیانۆی جاران نەماوە؛ ئونای سیمۆن پێی وایە خوان گارسیا و رایاش بووان ژمارە پێوانەییەکەیان دەشکاند

"پێویستە رێز لە پۆرتوگال بگرین"

Yariga App

یاریگا –

ئونای سیمۆن گۆڵپارێزی ئەم ساتەیە دوای گەیشتن بە 519 خولەکی لەسەریەک بێ ئەوەی هیچ گۆڵێکی لێبکرێت لە مۆندیالدا، بەمەش ژمارە پێوانەیییەکەی پێشووی واڵتەر زێنگای تێپەڕاند. ئەو لە دالاسەوە پێش رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی 16ـی ئیسپانیا بەرامبەر پۆرتوگال قسەی کرد.

سەبارەت بە ئاستی ئیسپانیا، ئونای گوتی:

یۆرۆ نزیک بوو لە بێخەوشی. ئێمە هەنگاو بە هەنگاو لەم مۆندیالەدا گەشە دەکەین. هەموو رۆژێک زیاتر لەو ئاستە نزیک دەبینەوە و هیوادارم بتوانین تەنانەت باشتریشی بکەین.

هەروەها باسی لە دۆڕانی یاریی کۆتایی نەیشنزلیگی ساڵی رابردوو کرد بەرامبەر پۆرتوگال و گوتی:

پێویستە رێز لە پۆرتوگال بگرین، بەڵام دەبێت نزیک بین لەو ئاستەی لە یۆرۆدا نیشانماندا. ئەگەر چووینە دەرەوە، با بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئەوان باشتر بوون، نەوەکوو لەبەر ئەوەی ئێمە نەگەیشتووینەتە ئاستی خۆمان.

پۆرتوگال و کریستیانۆ رۆناڵدۆ

ئونای چاوەڕوانی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەختی دیکە لە بەرامبەر پۆرتوگال و گوتی:

راهێنەرەکە هەمان راهێنەرە، زۆربەی یاریزانانی تیمەکەش هەمان یاریزانن و شێوازی یاریکردنیشیان زۆر هاوشێوە دەبێت. ئەوان لە یاریی کۆتایی نەیشنزلیگدا فشاری باشیان خستە سەر ئێمە، بۆیە دەبێت ئامادە بین.

گۆڵپارێزەکە ستایشی کارە بەرگرییەکانی لامین یامالی کرد و گوتی:

خەڵکی وێنەیەکی جیاوازی ئەو دەبینن بەراورد بەوەی ئێمە لەنێو تیمەکەدا دەیبینین. ئەو لە رووی بەرگرییەوە زۆر هاوکاریمان دەکات. کاتێک یەکەم یاریزان دەبێت کە تۆپەکە دەسەنێتەوە، ئەمە هاندەر دەبێت بۆ ئەوانی دیکەمان.

کاتێک سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پرسیاری لێکرا، ئونای ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە ئەمە کۆتا پاڵەوانییەتیی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بێت و گوتی:

من پێم وانییە کە ئەمە دوایین سەمای کریستیانۆ بێت. شتە گرنگەکە ئەوەیە سەرنج بخەینە سەر یارییەکە. کریستیانۆی ئەمڕۆ هەمان ئەو کریستیانۆیەی پێش شەش یان حەوت ساڵ لە ریال مەدرید نییە، بەڵام دەبێت تاوەکوو دەتوانیت لە ناوچەی سزا دووری بخەیتەوە. لە یاریی کۆتایی نەیشنزلیگدا، ئەو لە یەک تۆپەوە لەنێو سندووقەکەدا گۆڵی کرد. حەز و برسییەتیی ئەو بۆ گۆڵکردن شتێکە کە هەر تیمێک حەز دەکات هەیبێت.

ژمارە پێوانەیییەکە هی تیمەکەیە

سەرەڕای تۆمارکردنی مێژوو، ئونای جەختی کردەوە کە ئەم دەستکەوتە رەنگدانەوەی کارە بەرگرییە بەکۆمەڵەکەی ئیسپانیایە نەوەکوو تەنیا ئاستی خۆی و گوتی:

ژمارە پێوانەیییەکە زیاتر لەسەر تیمەکە دەدوێت وەکوو لە من. من ئەو کەسەم کە لەسەر لاپەڕەی یەکەمی میدیاکانم، بەڵام ئێمە تەنیا رووبەڕووی سێ لێدانی نێو گۆڵ بووینەتەوە. ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە بۆ تەواوی تیمەکە. من دڵنیام کە ئێمە باشترین سییانەی گۆڵپارێزمان لە مۆندیالدا هەیە. خوان و دەیڤدیش بووان ئەم ژمارە پێوانەییەیان دەشکاند. ئەم گفتوگۆیانە ئەرێنین، چونکە هەرسێکمان هەموو رۆژێک دەبینە پاڵنەری یەکدی.

بۆ داهاتوو، ئونای دانی بەوەدا نا کە زۆر سەیری یارییەکانی دیکەی قۆناخی کرانەدەرەوەی نەکردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکات یاریی نێوان مەکسیک و ئینگلتەرا یارییەکی سەرنجڕاکێش بێت گوتی:

ئینگلتەرا زۆر بەهێزە، لە کاتێکدا مەکسیک تاوەکوو ئێستا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و لەسەر خاکی خۆیان یاری دەکەن. ئەمە دەبێتە یارییەکی نایاب بۆ هاندەران.

بابەتی زیاتر

Back to top button