
یاریگا –
یوسف بن سۆدە دوای بردنەوەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر نەجەف دەڵێت کاردەکەین بۆ یارییەکەی دهۆک بۆ ئەوەی سەربکەین.
بێ ئامادەبوونی شەش یاریزان و لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوای سێ یاریی هەولێر سەرکەوتنێکی گرنگی بە دەستهێنا و 2 _ 0 لە نەجەفی بردەوە، هەر دوو گۆڵەکەی هەولێر یوسف بن سۆدە هێرشبەری تونسی هەولێر تۆماریکرد.
حوسێن کازم یاریدەدەری راهێنەری هەولێر دوای یارییەکە دەربارەی سەرکەوتنەکەیان گوتی:
سێ خاڵی گرنگمان بەدەستهێنا هەرچەندە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان بوو بەرامبەر تیپێکی بەهێز، وانەیەکی باشمان بە نەجەفدا و توانیمان سەرچاوەی هێرشە مەترسیدارەکانیان کەم بکەینەوە، نەجەف تیپێکی گەورەیە و خاوەن راهێنەرێکی بە ئەزموون و بەتوانان بۆیە بردنەوە لێی کارێکی زەحمەتە.
یوسف بن سۆدە هێرشبەری تونسی هەولێر و خاوەنی هەر دوو گۆڵەکە دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئامادەبوو، دەربارەی یارییەکە هێرشبەرەکەی قەڵا و منارە گوتی:
پیرۆزبایی لە دەستەی راهێنەران و یاریزانان دەکەم بۆ ئەم بردنەوە گرنگە، تەواوی یارییەکە بیروهۆشمان لە نێو یاریگا و سەرکەوتن بوو کە ئەمەش هۆکارێکی باش بوو بۆ بردنەوەمان، سوپاسی دەستەی راهێنەران دەکەین دوای گەشتێکی دوور و درێژ توانیان بەشێوەیەکی باش ئێمە ئامادەبکەن، لە مڕۆوە دوای ئەم یارییە کار دەکەین بۆ یارییەکەی دهۆک بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی گرنگتر تۆمار بکەین.
هەولێر بەم سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 32 خال و هاتە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، گەڕی داهاتووش لە کلاسێکۆی کوردستان میوانداری دهۆک دەکات.