
یاریگا –
کێشە بۆ گرێبەستی یەحیا گوڵ محەمەدی لەگەڵ یانەی هەولێر درووست بووە و پێدەچێت ئەم راهێنەرە نەتوانێ راهێنەرایەتی هەولێر بکات.
دوای رێککەوتنی سەفین یاسین سەرۆکی یانەی هەولێر لەگەڵ یەحیا گوڵ محەمەدی راهێنەری ئێرانی بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی هەولێر وەربگرێت بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، سەرۆکی یانەی هەولێر کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کرد بۆ ئەوەی بە کۆی دەنگ کۆتایی بەم گرێبەسته بهێنن.
لە کۆبوونەوەکەدا کارگێڕی هەولێر سەفین یاسینی سەرۆکی یانەکەیان ئاگادار کردۆتەوە کە یانەکە نیوەی ئەو پارەیە دابین دەکات کە گربەستی راهێنەرەکەی پێدەکرێت، ئەوەی کە دەمێنێتەوە پێویسته سەرۆکی یانەکە خۆی تەواوی بکات، بە مەش بەربەست درووست بووە لە گرێبەست کردن لەگەڵ ئەم راهێنەرە.
گرێبەستی هەولێر لەگەڵ یەحیا گوڵ محەمەدی بە نزیکەیی یەک ملیار دیناری تێدەچێت، کارگێڕی هەولێر ئامادەبوونە نیوەی ئەم بڕە پارەیە بدەن و ئەویتر پێویستە سەرۆکی یانەکە تەواوی بکات، لە ئەگەری شکست هێنانی گرێبەستی راهێنەرە ئێرانیەکە، لوئەی سەڵاح نزیکترین راهێنەرە ئەرکی راهێنەرایەتی قەڵای زەرد وەربگرێت.



