هاندەرانی چێڵسی هێرش دەکەنە سەر گۆڵپارێزی یانەکەیان
یاریگا –
هاندەرانی چێڵسی بەرامبەر ئاستی رۆبێرت سانچێز گۆڵپارێزی یانەکەیان تووڕە و دڵگرانن و لە سۆشیال مێدیا هێرشیان کردووەتە سەری.
شەوی رابردوو لە گەڕی 22ی پرێمەرلیگدا، چێڵسی لە یاریگای ستامفۆرد بریج روبەڕووی ڤوۆلڤز بوویەوە و توانی بە ئەنجامی 3-1 سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و سێ خاڵی بەنرخی یارییەکەدا بەدەستبهێنێت.
تاکە گۆڵێک کە چێڵسی لەم یارییەدا لێیکرا، بە هەڵەیەکی باوەڕپێنەکراو و ترسناک لەلایەن سانچێزەوە بوو، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە هاندەرانی چێڵسی دوای یارییەکە لە سۆشیال میدیا داوای وازهێنانی لە تیپەکە بکەن و لێدوانی توندیان لە دژی دا.
یەکێک لە بەکارهێنەران لە سۆشیال میدیا نووسیویەتی: هەر ئێستا لە نێوان گێمەکاندا، دەستبەجێ سانچێز بفرۆشن.
یەکێکیت لە هاندەرانی چێڵسی نووسیویەتی: رۆبێرت سانچێز بەگوێڕەی پێویست باش نییە. هیچ بیانوویەکم بۆ مەهێننەوە، هیچ رێگایەکیتر نییە. “پێویستە بەم زووانە ئەم یانەیە بەجێبهێڵێت”.
هاندەرێکی دیکە نووسیویەتی: ئاستێکی کارەساتبار لەلایەن سانچێزەوە. دەرفەتی گۆڵکردن بۆ یانەی بەرامبەر دروست دەکات و ئەمە یەکەمجار نییە لە ماوەی یاریکردنی لە چێڵسیدا ئەو کارە بکات.
سانچێز ئەم وەرزە لە کۆی 20 یاریدا 24 گۆڵی لێکراوە و چوار کلین شیتی هەبووە و 1800 خولەک یاریی بۆ بلووز کردووە.