فیفا چۆن قەرەبووی یانەکان دەکاتەوە؟
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا، لەم راپۆرتە تایبەتەدا بۆتانی شیدەکاتەوە، کە فیفا چۆن قەرەبووی پێکانی یاریزانان دەکاتەوە.
پێنجشەممەی رابردوو لە یارییەکانی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2026 – کیشوەری ئەمریکای باشوور، بەڕازیل لە یاریگای سێنتێناریۆ بووە میوانی ئوروگوای، یارییەکەیشی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
بەڵام ئەوەی لە شکستەکە بۆ سامبا خراپتربوو پێکانە سەختەکەی نێیمار دا سیلڤا بوو، کە لە خولەکی 49ـی یارییەکە بەگریانەوە یاریگای جێهێشت، پاش پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوت تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووە، بەو هۆیە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، نزیکەی 9 مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت.
نێیمار لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵ بە گرێبەستێکی گرانبەها و بە بڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە پاریس سانجێرمانەوە گواسترایەوە بۆ یانەی هیلالی سعودی.
تێچووی گواستنەوەی نێیمار لەسەر سعودییەکان خەیاڵییە، بەڵام یاریزانکە تەنیا 5 یاری بە درێسی یانەکە کردووە و ئەم وەرزەش بۆی کۆتایی هاتووە، بۆیە پێکانی یاریزانە بەڕازیلییەکە زیانێکی زۆری دارایی بە هیلال دەگەیەنێت.
بەڵام پێکانەکەی نێیمار تەنیا گران لەسەر هیلال ناوەستێت، بەڵکو زیان بە یەکێتی تۆپی پێی جیهان “فیفا”ش دەگەیەنێت، دەبێت یەکێتییەکە قەرەبووی یانەی هیلال بکاتەوە.
فیفا چۆن قەرەبووی یانەی هیلال دەکاتەوە؟
بەپێی یاساکانی فیفا، ئەگەر لەکاتی بەڕێوەچوونی یاری هەڵبژاردەکاندا، ئەگەر یاریزانێک تووشی پێکان ببێت، ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان 28 رۆژ زیاتر بخایەنێت، ئەوا فیفا قەرەبووی یانەی یاریزانەکە دەکاتەوە.
قەروبووکردنەوەکە بەپێی جۆری پێکانەکە دەگۆڕێت، فیفا زۆرترین ماوە قەرەبووی یانەیەک بکاتەوە بۆ پێکانی یاریزانێک ماوەکە 365 رۆژ دەبێت.
زۆرترین بڕە پارەش لەلایەن فیفا بۆ قەرەبووکردنەوەی یانەیەک خەرجبکرێت 7.5 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام پارەکە بەسەریەکەوە نادرێت، بەڵکاو رۆژانە 20,548 یۆرۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی یانەکە.
بەگوێرەی پێگەی فۆربێس، مووچەی ساڵانەی نێیمار لەگەڵ هیلال 100 ملیۆن یۆرۆیە، ئەو قەرەبووەی کە فیفا بە هیلالی دەدات، کەمتر دەبێت لە مووچەی دوو مانگی یاریزانەکە.
نێیمار لە کاروانی وەرزشیدا 40 جار توشی پێکانی جیاواز بووە، 10 جاریان پێکانەکەی سەخت بووە.