عێراقکوردستان

بەفەرمی خولی نایابی عێڕاق بۆ وەرزی 2020 _ 2021 کۆتایی هات

یاریگا-

دوێنێ ئێوارە 30/7/2020 لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی گەل لە شاری بەغداد بەفەرمی کۆتایی بە خولی نایابی عێڕاق و خولی یانە پلەیەکەکانی عێڕاق هات بۆ وەرزی 2020 _ 2021، دوێنێ لە یاری پلەی ئۆفی خولەکە یانەی سەناعات کارەبایی خاوەن ڕیزبەندی هەژدەیەمی خولی نایاب و یانەی سامەڕڕا خاوەن باشترین پلەی دووەمی خولی یانە پلەیەکەکان ڕووبەڕوی یەکتر بونەوە، یانەی سامەڕڕا بە ڕاهێنەرایەتی ئەحمەد کازم بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە خاڵی سزا توانی دوای ساڵانێکی زۆر بگاتەوە ڕیزی یانە نایابەکانی عێڕاق بە ئەنجامی 4 _ 3 گۆڵ.

دوای کۆتایی هاتنی خولی نایابی عێڕاق هەردوو نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان کە یانەی هەولێر و زاخۆ بوون، هەولێریەکان بە 44 خاڵ لە ڕیزبەندی دوانزەیەم و کوڕانی خابوریش بە 46 خاڵ لە پلەی نۆیەم جێگیربوون، گۆڵکاری یانەی هەولێر یاریزان شێرکۆکەریم بو بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ و گۆڵکاری یانەی زاخۆش یاریزان مەحەمەد جەواد بو بە تۆمارکردنی هەمان ڕێژەی گۆڵ.
هەولێر لە وەرزی ڕابردووی خولی نایابی عێڕاق 39 گۆڵی تۆمارکرد و 41 گۆڵیشی لێ تۆمارکرا، یانەی زاخۆ 35 گۆڵی تۆمارکرد و 40 گۆڵیشی لەسەر تۆمارکرا. یانەکەی پایتەخت بەدرێژایی وەرزەکە سێ ڕاهێنەر ئەرکی سەرپەرشتی کردنی تیپەکەی وەرگرت ئەوانیش هەریەک لە ( ڕادان گاسانینی کڕواتی و لوئەی سەڵاح و تەهاقادر ) بوون، یانەی زاخۆش بەهەمان شێوە سێ ڕاهێنەر ڕابەرایەتی تیپەکەیانی کرد بە درێژایی وەرز کە بریتی بوون لە هەریەک لە ( ئەحمەد سەڵاح و سامی بەحت و عەبدولوەهاب ئەبوهێل).

لە خولی نایابی عێڕاق وەرزی ڕبردوو لە کۆی 20 یانەی بەشداربووی خولەکە 31 ڕاهێنەر گۆڕدران کە زۆرترینیان یانەی دیوانییە بوو 5 ڕاهێنەری لە خولەکە گۆڕیبو کە دواین جار ڕاهێنەری بەڕازیلی لۆزانۆ سوریس ئەرکی سەرپەرشتی کردنی یانەکەی وەرگرت تا دوایین یاری خولەکە….
هەرسێ یانەی ( سەماوە ، حدود ، سناعات کارەبایی) دابەزین بۆ خولی یانە پلەیەکانی عێڕاق بۆ وەرزی داهاتوو.

یانەی قوەی جەوی بە کۆکردنەوەی 83 خاڵ بوە پاڵەوانی خولی نایابی عێڕاقی وەرزی ڕابردوو، یانەی زەوڕاش بە 75 خاڵ پلەی دووەمی بەدەست هێنا، یانەی جەویە وەرزی داهاتوو ڕاستەوخۆ بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەکات و یانەی زەوڕاش بە پاڵاوتن بەشداری هەمان پاڵەوانیەتی دەکات، هەردوو یانەی نەجەف و شوڕتە کە پلەکانی سێیەم و چوارەمیان بەدەست هێنابوو بەشداری جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا دەکەن بۆ وەزی 2021 _ 2022.
گۆڵکاری خولی نایابی عێڕاقی وەرزی ڕابردوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێڕاق و یانەی قوەی جەوی ( ئەیمەن حوسێن ) بوو بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ و مەنارتەهاش لە یانەی حدود گۆڵکاری دووەمی خولەکە بو بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ.

وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێڕاق بەبەشداری سێ یانەی کوردی دەبێت دوای یانەی هەولێر و زاخۆ یانەی نەورۆزی شاری سلێمانیش بەشدار دەبێت دوای سەرکەوتنی بە پلەی یەکەم لە ڕیزبەندی کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانێ عێڕاق و پاش ساڵانێک دووربونی یانەکانی سلێمانی، نەورۆز دەبێتەوە نوێنەری ئەم شارە و لە ڕیزی یانە گەورەکانی عێڕاق دەبینرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button