ئەرشیڤ

زیدان شایستەی کۆتاییە، بەڵام!!

یاریگا- 

ئەگەر هاندەرانی چێڵسی لێمان زویر نەبن، بۆ تۆپی پێ و بۆ یاریەکی گەورەی کۆتایی، پاداشتی ئەوەی لەم وەرزە پێشکەشی کرد زیدان شایستەیە لەگەڵ ریاڵ مەدرید بگاتە یاری کۆتایی، بەڵام پێدەچێت رونەدات!

بۆ جارێکیتر دوبارەی دەکەمەوە ئەوەی زیدان لەم وەرزەدا کردویەتی، بە ٥٨ پێکان و بەو پێکهاتە کەمەوە، هێندەی نازناوێک گرنگە، لەو کاتەی تیپەکانیتر پشوویان بە یاریزانەکانیان دەدات زیدان یەدەگی نەبوو، بە درێژایی ئەم وەرزە نەمانبینی دوو جار پێکهاتەکەی ئامادەبێت، هەر پێشبینیەکی من لە گەورەیی زیدان کەم ناکاتەوە، بەڵکۆ حەز دەکەم پێشبینەکەم هەڵەبێت و بگاتە یاری کۆتایی بەڵام هەلی سەرکەوتنی چێڵسی زیاترە.

بۆ ئەوەی لاتان ئاسانبێت بە چەند خاڵێک باسی لە هەلی هەردوو تیپ دەکەم.

چێڵسی بۆ نزیکترە لە کۆتایی؟

١.شێوازی یاریکردنی چێڵسی ئەوەنیە کە ریاڵ مەدرید حەزی پێ بکات، نە بۆشایی لە پشتی بەرگری هەیە تا ڤینیسیۆس بۆی رابکات، ئەوان زۆر خێراترن و گۆڕینی تۆپ بە خێرایی سودی نیە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک دروستکردنی هەل بەرامبەر چێڵسی بۆ ریاڵ مەدرید قورسە.

٢.لە ٢٣ یاریدا لەگەڵ تۆخل یانەی چێڵسی ١٧ یاری گۆڵیان لێ نەکراوە، ئەمەش سیستەمی بەرگری باش و ئاستی تاکی یاریزانەکان بەدەستهاتوە، هێڵی بەرگری زۆر باش و ناوەڕاستی تۆکمە و جێنەهێشتنی بۆشایی لە نێوانیاندا وایکردوە چێڵسی بەم شێوەیە بێت.

٣.لەم وەرزەدا هیچ ناوەڕاستێک وەکو کانتێ و ماونت و جۆرجینۆ بەسەر کاسیمیرۆ و مۆدریچ و کروزدا سەرنەکەوتن، وەکو ئەوەی لە یاری پێشوو بینیمان، زیدان زۆر جار بە هێڵێ ناوەڕاست یاری بردۆتەوە، بەڵام بەرامبەر چێڵسی بینیمان یاری یەکەم چەند قورس بوو.

٤.هەموو تیپە بەهێزەکان کە بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاریان کردوە ، زیدان بە تاکتیک لە راهێنەری بەرامبەری بردۆتەوە، تۆخل تەنها راهێنەرە کە یاری پێشوو بە ئاشکرا بەسەر زیداندا زاڵبوو.

٥.بردنەوەی یاریە بەهێزەکان لەم وەرزەدا بۆ ریاڵ مەدرید بە دوو رێگا بوە، یان هێرشی پێچەوانە یان کۆنتڕۆلی ناوەڕاست، وا دیارە بەرامبەر چێڵسی ئەم دوو رێگایە زۆر قورسە.

٦.باردودۆخی یاریەکە وایە کە ریاڵ مەدرید دەبێت گۆڵ بکات و بچێتە پێشەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی چێڵسی یە.

٧.توانای جەستەیی یاریزانانی ریاڵ مەدرید بەرەو کۆتایی دەڕوات، پێکان تەواو تەنگی بە تیپەکە هەڵچنیوە، نازانم ڤالڤێردی و مێندی و رامۆس بەم خێراییە چۆن دەتوانن یاری بکەن، لە بەرامبەردا چێڵسی تیپەکەی تەواو ئامادەیەو هەندێک لە یاریزانەکانیشی پشوی باشیان وەرگرتوە.

هیوای ریاڵ مەدرید

١.ریاڵ مەدرید بەردەوام لەم وەرزەدا نزیک بوو لە روخان و پاشان زیندوو بوەوە، ئەوە هیوای یاوە بە هاندەران کە لەکاتی سەختەکاندا یاریزانەکان و زیدان کاردانەوەی باشیان دەبێت.

٢.چامپیۆنس لیگ بۆ ریاڵ مەدرید بوەتە پاڵەوانێتی خۆی، بەردەوام ئەم تیپە باشترین ئاستیان لە چامپیۆنس لیگ بوە.

٣.ریاڵ مەدرید کۆنتڕۆلی خۆیان لەدەستنادەن، ئەوەی دوێنێ لە پاریسدا رویدا، لە تیپەکەی زیداندا نیە، لە رابردودا لە سەردەمی مۆرینیۆ وابوون، بەڵام لە ئێستادا کۆنتڕۆلی خۆیان بە دەگمەن لەدەست دەدەن.

٤.تیپێک خاوەنی زیدانبێت هەردەم هیوای هەیە، لە رابردودا زیدان لە روی پلان و تاکتیک و رۆحیەتەوە زۆر جار ریاڵ مەدریدی گەیاندۆتە سەرکەوتن.

ئەزانم لە تۆپی پێدا هەموو شتێک ئەگەری هەیە، دەکرێ لە خولەکی یەک کارتێکی سور هەموو شتێک بگۆڕێت، بەڵام ئەم پێشبینیەی من بۆ یاریەکی ئاساییە و خوێندنەوەی پێش وەخەتە، بە پێی ئەو خاڵانە بێت کە باسمکردوە، هیوای سەرکەوتنی چێڵسی زیاترە، ناڵێم ریاڵ مەدرید هیوای نیە دەڵێم هیوای کەمە، ناڵێم ریاڵ مەدرید شایستە نیە، بەڵکو زیدان شایستەی هەموو نازناوێکە، ئەگەر توانی بگاتە یاری کۆتایی دڵخۆش دەبم قەینا با پێشبینیەکەی من هەڵەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button