ئه‌ڵمانیا

یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا چارەنووسی پۆستەکەی یواکیم لۆڤی یەکلایی کردەوە

یاریگا- ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا و یواکیم لۆڤ، پێچەوانەی زۆرێک لە پێشبینی و چاوەڕوانییەکان بوو دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو مانشافت بە شکستێکی کەم وێنە لە مێژووی خۆیدا 6-0 بە ئیسپانیا دۆڕا.

بە گوێرەیزانیارییەکانی ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، ئەمڕۆ لە فکەخانەی میونخ دوای کۆبوونەوەیەکی نیوکاتژمێری بە ئامادەبوونی فریتز کێلەری سەرۆکی یەکێتیەکە و یواکیم لۆڤ و ئۆلیڤە بێرهۆفی بەڕێوبەری هەڵبژاردەکە و مارکۆس سۆرگی یاریدەری لۆڤ، تاوتوێی ئەنجامی یارییەکەی شەوی ڕابردوو کراوە و دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش ئەوە بووە کە یواکیم لە پۆستەکەی دوور ناخرێتەوە و چانسێکیتری پێ دراوه.

بیڵد ئەوەشی نووسیوه کە سێ یاری داهاتووی ئەڵمانیا لە مانگی مارسی ساڵی دادێ، دهرفەتێکیترە کە ئەو ڕاهێنەرە ڕووخسارێکیتری ئەڵمانیا پیشان بداتەوە. جگە لەوە، هەریەکە لە کێلەر و بێرهۆف چارەنووسی پۆستەکانی خۆیان بەستۆتەوە بەم متمانە پێدانەوەی لۆڤەوە، بە جۆرێک ئەگەر لە پاڵەوانێتی یۆرۆی ساڵی داهاتوو بە ئەنجامی باشەوه پاداشتیان نەداتەوە ئەوا ئەو دووانەش ناتوانن پۆستەکانیان مسۆگەر بکەنەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button