گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

کێبڕکێی گۆڵکاری مێژووییی مۆندیال بەردەوامە؛ ئێمباپێ یان مێسی کامیان براوە دەبێت؟

رکابەریی پێڵاوی زێڕینیش دەکەن

Yariga App

یاریگا –

ئێمباپێ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵەکەی بەرامبەر سوید، ئێستا خاوەنی 18 گۆڵە لە جامی جیهانیدا، تەنیا یەک گۆڵ لە دواوەی مێسییە کە گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانییەتییەکەیە.

لیۆنێل مێسی و کیلیان مباپێ لە کێبرکێیەکی توندادان بۆ ئەوەی بزانرێت کێ لەم جامی جیهانییەدا وەکوو گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانییەتییەکە کۆتایی پێدەهێنێت. مێسی ئێستا بە 19 گۆڵ پێشەنگە، تەنیا یەک گۆڵ زیاتر لە ئێمباپێ کە دوای تۆمارکردنی دوو گۆڵ بەرامبەر سوید ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 18 گۆڵ. لەم پاڵەوانییەتییەدا، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە و فەرەنسییەکە پێکەوە بە هاوبەشی و بە شەش گۆڵ بۆ هەر لایەک پێشەنگایەتی ریزبەندیی خەڵاتی پێڵاوی زێڕین دەکەن.

مێسی 19 گۆڵەکەی لە تێکڕای ئەو شەش جامی جیهانییەدا تۆمارکردووە کە بەشداریی تێدا کردووە، هەرچەندە تەنیا لە پێنج مۆندیالیاندا تۆڕی گۆڵی هەژاندووە: یەک گۆڵ لە 2006، چوار لە 2014، یەک لە 2018، حەوت لە 2022 و تا ئێستاش شەش گۆڵ لە 2026. ئەو لە ساڵی 2010 نەیتوانی هیچ گۆڵێک بکات. شەش گۆڵەکەی لەم خولەی پاڵەوانییەتییەکەدا پێکهاتوون لە هاتریکێک بەرامبەر جەزائیر، دوو گۆڵ بەرامبەر نەمسا لە یاریی دووەمی کۆمەڵەکاندا و گۆڵێک لە لێدانی راستەوخۆوە بەرامبەر ئوردن.

ئێمباپێ تەنیا لە سێ جامی جیهانیدا گەیشتووەتە 18 گۆڵ: چوار لە 2018، هەشت لە 2022 و شەش لە 2026. لەم پاڵەوانییەتییەدا، دوو گۆڵی بەرامبەر سێنیگال، دوو گۆڵ بەرامبەر عێراق و دوو گۆڵی بەرامبەر سوید کردووە.

کیلیان ئێمباپێ لە مۆندیالی 2026

میرۆسلاڤ کلۆزە 16 گۆڵی لە تێکڕای ئەو چوار جامی جیهانییەدا کردووە کە یاری تێدا کردووە: پێنج لە 2002، پێنج لە 2006، چوار لە 2010 و دوو لە 2014. ئەفسانەی بەڕازیلی رۆناڵدۆ 15 گۆڵی لەو چوار جامی جیهانییەدا کردووە کە ئامادەی بووە، هەرچەندە تەنیا لە سێ مۆندیالیاندا یاریی کردووە. لە ساڵی 1994 بەشداریی نەکرد، چوار گۆڵی لە 1998، هەشت لە 2002 و سێ گۆڵی لە 2006 کرد.

هەروەها گێرد مولەری ئەڵمانی خاوەنی 14 گۆڵە، کە لە دوو جامی جیهانیدا کردوونی: 10 لە 1974 و چوار لە 1978. جەست فۆنتەینی فەرەنسی خاوەنی 13 گۆڵە، کە سەرجەمیان لە جامی جیهانی 1958 لە سوید کراون، کە ئەمە تاکە جامی جیهانی بوو کە تێیدا یاریی کردبێت.

پێلێ 12 گۆڵی لە تێکڕای ئەو چوار جامی جیهانییەدا کردووە کە بەشداریی تێدا کردووە: شەش لە 1958 کاتێک بەڕازیل نازناوەکەی بردەوە؛ یەک لە 1962 کاتێک بەرگرییان لێکرد؛ یەک لە 1966 و چوار لە 1970 کاتێک سێیەم جامی جیهانیی خۆی بەرزکردەوە.

پێلێ، مۆندیالی 1970

سێ یاریزانی ئەفسانەیی دیکە؛ یۆرگن کلینسمانی ئەڵمانی، شاندۆر کۆچیسی هەنگاری و هاری کەینی ئینگلیزی خاوەنی 11 گۆڵی جامی جیهانین. کلینسمان گۆڵەکانی لە سێ پاڵەوانییەتی جیاوازدا کردووە: سێ لە 1990 کاتێک ئەڵمانیا بوو بە پاڵەوان؛ پێنج لە 1994 و سێ لە 1998. کۆچیس سەرجەم 11 گۆڵەکەی لە یەک جامی جیهانیدا کرد کە مۆندیالی سویسرای 1954 بوو، کە تێیدا هەنگاریای فێرێنس پوشکاش یاریی کۆتایی بە ئەڵمانیای رۆژاوا دۆڕاند. کەین لەم پاڵەوانییەتییەدا پێش گاری لێنیکەر کەوت بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی ئینگلتەرا لە جامی جیهانیدا، بە شەش گۆڵ لە 2018، دوو لە 2022 و تاوەکوو ئێستا سێ گۆڵ لە 2026.

ئەو یاریزانانەی خاوەنی 10 گۆڵی جامی جیهانین بریتین لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ (پورتوگال)، گابریێل باتیستوتا (ئەرجەنتین)، تیۆفیلۆ کۆبیاس (پێرو)، گرزێگرز لاتۆ (پۆڵەندا)، گاری لێنیکەر (ئینگلتەرا)، تۆماس مولەر (ئەڵمانیا) و هێلموت راهن (ئەڵمانیا).

چەندین یاریزانی ئەفسانەیی بە نۆ گۆڵی جامی جیهانییەوە وازیان هێناوە، لەوانە ئادێمیر (بەڕازیل) کە سەرجەمیانی لە جامی جیهانی 1950 کرد؛ ئۆزێبیۆ (پۆرتوگال) کە لە مۆندیالی ئینگلتەرای 1966 کردنی؛ رۆبێرتۆ باجۆ (ئیتاڵیا)؛ پاولۆ رۆسی (ئیتاڵیا)؛ کارل هاینز رۆمەنیگە (ئەڵمانیا)؛ ئۆڤە زێلەر (ئەڵمانیا)؛ ڤاڤا (بەڕازیل)؛ کریستیان ڤێری (ئیتاڵیا)؛ دەیڤد ڤیا (ئیسپانیا) و جیرزینیۆ، کە بە تۆمارکردنی گۆڵ لە سەرجەم ئەو یارییانەی لە جامی جیهانی 1970 لە مەکسیک بۆ بەڕازیل کرد، مێژووی نووسییەوە. ئەو لەو پاڵەوانییەتییەدا حەوت گۆڵی کرد و دوو گۆڵی دیکەشی لە ئەڵمانیای رۆژاوای 1974 زیادکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button