خوان گارسیا: دەمەوێت شوێنپێی ڤیکتۆر ڤاڵدێس هەڵبگرم و مێژوو بۆ ئیسپانیا بنووسمەوە
"گۆڵەکەی مێرخاس دۆسکی بووە رابردوو و بیری لێ ناکەمەوەوە"

یاریگا –
خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کەمپی مەشقی لاڕۆخا، بە گەشبینییەکی زۆرەوە باس لە ئامادەکارییەکانی ئیسپانیا بۆ مۆندیالی 2026 دەکات.
گارسیا کە بە ئارامی و متمانەیەکی زۆرەوە دەردەکەوێت، بەشداریی یەکەم مۆندیالی ژیانی دەکات.
خەونی هاوشێوەبوونی ڤیکتۆر ڤاڵدێس
گارسیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو گۆڵپارێزەی کە وەکوو نموونە سەیری دەکات، گوتی؛
بەدڵنیاییەوە هیوادارم بەو ئەنجامانە بگەم کە ڤیکتۆر ڤاڵدێس بەدەستیهێنا. ئەو سەرەڕای کۆسپەکانی سەرەتای کاروانی لەگەڵ هەڵبژاردە، توانی هەموو شتێک بەدەستبهێنێت. منیش لێرەم بۆ ئەوەی چێژ لەم ئەزموونە وەربگرم و تاوەکوو دەتوانم لەگەڵ تیپەکەدا باشتر بین.
پەیوەندی لەگەڵ گۆڵپارێزانی دیکە
سەبارەت بە رکابەرییەکەی لەگەڵ ئونای سیمۆن بۆ بوون بە سەرەکی، گارسیا بە شێوەیەکی پیشەییانە گوتی؛
ئێمە بابەتەکە بە سرووشتی وەردەگرین. تەنیا یەک گۆڵپارێز دەتوانێت یاریی بکات. ئەوەی یاریی دەکات دەبێت هەموو توانای بخاتەگەڕ، ئەوانی دیکەش کە لە دەرەوەن دەبێت بە تەواوی پشتیوانی بکەن، چونکە ئەمە بۆ سەرکەوتنی تیپەکە زۆر گرنگە.
بارسێلۆنا و فشارەکان
سەبارەت بەوەی کە بوون بە گۆڵپارێزی بارسێلۆنا فشارێکی تایبەتی هەیە، گارسیا دەڵێت؛
لە بارسێلۆنا چاوەڕوانییەکان زۆر زیاترن و خەڵکێکی زیاتر چاودێریت دەکەن، بەڵام ئەمە نابێت بە شتێکی نەرێنی ببینرێت. ئێمە لە جیهانی تۆپی پێ بە فشارەکان راهاتووین ، ئەمە شتێکە لەگەڵ دەستپێکی کاروانتدا لەگەڵت دەبێت.
گۆڵەکەی مێرخاس دۆسکی
گارسیا باسی لەو گۆڵەش کرد کە لە بەرامبەر عێراق لێی کرا؛
بەڕاستی بیرکردنەوە لەو گۆڵە هیچ سوودێکی نییە. شوتێک بوو چاوەڕێم نەدەکرد. ئەگەر بەردەوام بیر لەوە بکەیتەوە، تووشی هەڵە دەبیت. گرنگترین شت تیپەکەیە و دەبێت بۆ یارییەکانی داهاتوو ئامادەبین.



