شۆڕشێکی نوێ لە مۆندیال؛ بەڕازیل شێوازێکی نوێی تاکتیکی بەکاردەهێنێت
سوود لە تۆپی پێی ئەمریکی وەردەگرێت

یاریگا –
لە ئامادەکارییەکانیاندا بۆ مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، هەڵبژاردەی بەڕازیل شێوازێکی نوێ و داهێنانێکی سەرنجڕاکێشی لە مەشقەکانیدا پەیڕەو دەکات.
تۆڕی گڵۆبۆی بەڕازیلی بڵاویکردووەتەوە، هەڵبژاردەی بەڕازیل بە سوودوەرگرتن لەو ئامرازانەی کە بە شێوەیەکی باو لە خولی تۆپی پێی ئەمریکی بەکاردەهێندرێن.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەکە، ئامرازێکی نوێی تاقیکردووەتەوە کە پێکهاتووە لە مەچەکبەندێکی تاکتیکی، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ماوری، یاریدەدەری راهێنەر کە بەرپرسە لە رێکخستنی تۆپە جێگیرەکانی بەڕازیل، سەرپەرشتی دەکرێت. دوای ئەوەی ئانچێلۆتی لەگەڵ کاسێمێرۆ گفتوگۆی لەسەر کرد، راستەوخۆ لەلایەن هەردوو بەرگریکار، مارکینیۆس و گابریێل ماگالاشەوە لە مەشقەکاندا بەکارهێنرا.

مەچەکبەندەکە شاشەیەکی روونی هەیە کە پەڕەیەکی تێدا جێگیر دەکرێت و تەواوی پلان و ستراتیژییەتی جێبەجێکردنی تۆپە جێگیرەکانی لەسەر نووسراوە، بەمەش یاریزانان دەتوانن لە کاتی مەشقەکان راستەوخۆ سەیری مەچەکیان بکەن بۆ زانینی پلانەکە، لەبری ئەوەی راهێنەر بەردەوام هاوار بکات و رێنماییەکان بگوازێتەوە.
هەڵبژاردەی بەڕازیل کە لە کۆمەڵەی سێیەمە شانبەشانی سکۆتلەندا و هایتی، لە یەکەم یاریی خۆیدا لە مۆندیال رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەغریب دەبێتەوە. لە پێکهاتەکەدا، بەڕازیل بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە تواناکانی گابریل ماگالایش دەبەستێت، کە لە ریزەکانی ئارسیناڵدا سەلماندوویەتی یەکێکە لە مەترسیدارترین یاریزانەکان لە کاتی جێبەجێکردنی تۆپە جێگیرەکان.



