ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

دوای 7ـی حوزەیران موژدەیەک دەدرێتە مەدریدییەکان

کاتی گەڕاندنەوەی نیکۆ پاز دیاریکرا

Yariga App

یاریگا –

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی هەنگاوە کردەییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی نیکۆ پازی، بەهرەمەندی ئەرجەنتینی و یاریزانی ئێستای یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دەستپێکردووە.

ئەم بڕیارە دوای درەوشانەوەی یاریزانەکە دێت لە خولی ئیتاڵیا، کە وایکردووە بەرپرسانی یانەی شاهانە بڕیاری گەڕاندنەوەی بدەن.

 کاتی راگەیاندنی گرێبەستەکە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، ریاڵ مەدرید پلانەکەی بۆ گەڕاندنەوەی نیکۆ پاز داڕشتووە، بەڵام ڕاگەیاندنی فەرمی پڕۆسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە دوادەخرێت کە بڕیارە لە 7ـی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

بڕگەی کڕینەوە؛ دەرفەتێکی زێڕین

ریاڵ مەدرید متمانەی تەواوی بە گەڕاندنەوەی نیکۆ پاز هەیە، چونکە لە گرێبەستی فرۆشتنیدا بە یانەی کۆمۆ، بڕگەی کڕینەوە دانراوە کە تاوەکو 30ـی  حوزەیران کارایە.

یانە مەدریدییەکە دەتوانێت بە بڕی کەمتر لە 10 ملیۆن یۆرۆ نیکۆ پاز بگەڕێنێتەوە بێرنابیۆ، ئەمەش لە کاتێکدایە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا ئامادەن چەند هێندەی ئەو بڕە پارەیە بۆ گواستنەوەی بدەن.

گەشەکردن له‌گه‌ڵ فابریگاس

نیکۆ پاز لە ماوەی یاریکردنی بۆ یانەی کۆمۆ لەژێر سەرپەرشتی سیسک فابریگاس، گەشەیەکی هونەری و جەستەیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

متمانەی تەواوی فابریگاس بەم لاوە ئەرجەنتینییە وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی خولی ئیتاڵیا. بەرپرسانی ریاڵ مەدرید لە ماوەی رابردوودا بە بەردەوامی پەیوەندییان بە یاریزانەکەوە کردووە و نیکۆ پازیان رازیكردووه‌ کە گەڕانەوەی بۆ مەدرید باشترین هەنگاوە بۆ داهاتووی، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە لە ئیتاڵیا ئاسووده‌یه‌.

 پەیوەندییەکانی مەدرید و کۆمۆ

ئاس ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، سەرەڕای لەدەستدانی نیکۆ پاز، یانەی کۆمۆ دەیەوێت پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بپارێزێت.

یانە ئیتاڵییەکە چاوی لەوەیە لە داهاتوودا سوود لە بەهرەمەندەکانی تری ئەکادیمیای لافابریتکا وەربگرێت، بەتایبەت ناوی هەریەکە لە (دانیێل یانیێز و خیسۆس فۆرتیا) لەسەر مێزی گفتوگۆی هەردوو یانەن.

وەبەرهێنان بۆ داهاتوو

ریاڵ مەدرید گەڕانەوەی نیکۆ پاز وەک وەبەرهێنانێکی ژیرانە دەبینێت. یاریزانەکە بە ئەزموونێکی زیاتر و ئامادەییەکی تەواوەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەسەر شوێنێکی سەرەکی لە پێکهاتەکەی یانه‌كه‌ بكات بەمەش دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی گەنجکردنەوەی هێڵی ناوەندی یانە مەدریدییەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button