دوایین زانیاریی؛ ژمارەی هەڵبژاردەکانی مۆندیال بۆ 66 تیم زیاد دەکرێت؟
بڕیاریی کۆتایی لەبارەی جامی جیهانیی یانەکان

یاریگا –
لە فیفا بیرۆکەی جامی جیهانی بە 66 تیمی نیشتمانی گەڕاوەتەوە نێو گفتوگۆکان.
تەنانەت پێش ئەوەی یەکەمین جامی جیهانی بە 48 تیم ئەم هاوینە دەست پێ بکات، فیفا لە ئێستاوە گفتوگۆ لەسەر ئەگەری زیادکردنی ژمارەی بەشداربووان بۆ 66 تیم بۆ جامی جیهانی 2030 دەکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئیسپانیاوە لەپاڵ مەغریب و پۆرتوگال میوانداریی دەکرێت.
ئەو پێشنیارە یەکەمجار چەند مانگێک لەمەوبەر دوای داواکارییەکی کۆنمێبۆڵ دەرکەوت، کە دەیویست وڵاتانی دیکە هەلی رکابەرییان لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی نێودەوڵەتیدا هەبێت. لەو کاتەدا ئەو بیرۆکەیە تەنیا گفتوگۆیەکی سەرەتایی بوو و زۆر بەرەوپێش نەچوو. بەڵام ئێستا ئەو بیرۆکەیە لەلایەن چەندین فیدراسیۆنی تۆپی پێوە دووبارە پشتگیری بەدەست دەهێنێت.
فیفا و سەرکردایەتییەکەی خەریکە ئەو بیرۆکەیە وەکوو شتێک دەبینن، کە لەگەڵ پەیامی رێکخراوەکە دەربارەی گشتگیریی جیهانی تۆپی پێ دەگونجێت. جیانی ئینفانتینۆ زۆرجار باس لە جامی جیهانی وەکوو ئاهەنگێکی تۆپی پێ دەکات، بەتایبەتی بۆ ئەو نەتەوانەی کە بە دەگمەن یان هەرگیز هەلی بەشداریکردنیان نەبووە.
بە پاڵەوانێتییەکی 66 تیمی، وڵاتانی دیکەش لە سەرانسەری جیهانەوە هەلی دەرکەوتنیان لە گەورەترین شانۆی تۆپی پێدا دەبێت. ئەم گشتگیرییە فراوانترە لە جامی جیهانی داهاتوو لە ئەمەریکای باکوور دەبینرێت، کە تێیدا ئەم تیمانە بۆ یەکەمجار بەشداریی دەکەن: هەڵبژاردەی کەیڤ ڤێردی، هەڵبژاردەی کوراساو، هەڵبژاردەی ئوردن و هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان.
ئەو بیرۆکە گەشەسەندووەی نێو نووسینگەکانی فیفا و هەندێک لە یەکێتییەکان ئەوەیە بە بەشداریکردنی تیمی نیشتمانی دیکە، پاڵەوانییەتییەکە بکەنە فێستیڤاڵێکی جیهانیی گەورەتر. بۆ ئێستا پێکهاتەی جامی جیهانیی 2030 هێشتا بە فەرمی بۆ 48 تیم دیاریکراوە.
سەرەڕای ئەوەش، فیفا هێشتا بە تەواوی دەستی بە رێکخستنی پاڵەوانییەتییەکە نەکردووە، شتێک کە تاوەکوو دوای 19ـی تەمموزی 2026 روونادات، ئەو رێکەوتەی کە تێیدا پاڵەوانی داهاتووی جیهان دیاری دەکرێت.
هەروەها گومانی نوێ لەسەر هەندێک شاری میوانداریی ئیسپانی هەیە. لە کاتێکدا مالاگا لە پلانەکانی میواندارییکردن دەرچووە، دەگوترێت بلباو و سان سێباستیانیش لەژێر گوماندان. لە هەر حاڵەتێکدا، فیفا بڕیارەکانی کۆتایی دەربارەی یاریگاکان و ستانداردەکانی رێکخستن دەدات.
بۆ ئێستا، بیرۆکەی 66 تیمی تەنیا وەکوو پێشنیارێک دەمێنێتەوە و هێشتا رێگەیەکی درێژی لەبەردەمە پێش ئەوەی ببێتە واقعی. بەڵام ئەوەی سەردەمانێک بە تەواوی دوور لە راستی دەردەکەوت، چیدیکە لەنێو سیاسەتی تۆپی پێدا بەو شێوەیە نابینرێت. چاوەڕوان دەکرێت جامی جیهانیی داهاتوو لە ئەمەریکای باکوور ببێتە ئەو ساتە سەرەکییەی کە تێیدا گفتوگۆکە بە جددیتر دەگەڕێتەوە.
بەڵام پێدەچێت بیرۆکەی ئەنجامدانی جامی جیهانیی یانەکانی فیفا بۆ هەر دوو ساڵ جارێک رەتکراوەتەوە. پلانی وەشانی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوون لە 2029 بێ گۆڕانکاریی دەمێنێتەوە و فیفا بۆ ئێستا بیرۆکەی جامی جیهانیی یانەکان بۆ هەر دوو ساڵ جارێک بە نەگونجاو دەبینێت.



