بەرنامەی سوودمەندبوونی یانەکان لە مۆندیال؛ شایستە داراییەکان بەرامبەر یارییکردنی کوکورێیا بۆ ریال مەدرید یان چێڵسی دەبێت؟
روونکردنەوەی تەواو بەگوێرەی یاساکانی فیفا

یاریگا –
بەهۆی ئەوەی یارییەکانی مۆندیال دەکەوێتە مانگی حوزەیران و تەموز، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە و کۆتاییهاتنی ئەو گرێبەستانەی کە دوایین ساڵیان تەواو دەکەن و نوێ ناکرێنەوە، مشتومڕێکی زۆر لەسەر بەرنامەی سوودمەندبوونی یانەکان لە پارەی بەشداریکردنی یاریزانەکانیان لە مۆندیال دروست دەبێت.
یەکێک لە نموونەکان مارک کوکورێیای یاریزانی ئێستای ریال مەدرید و پێشووی چێڵسییە، کە لە ماوەی یارییەکانی مۆندیال لە یانە لەندەنییەکەوە پەیوەندیی بە قەڵای سپییەوە کرد. پرسیارەکە ئەوەیە ئەو پارەیەی لەپای یاریکردنی کوکورێیا فیفا دەیبەخشیت، دەدرێت بە یانەی چێڵسی یاخود ریال مەدرید؟
بەگوێرەی راگەیاندنراوی فیفا، تێکڕای 250 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەسەر ئەو یانانەدا دابەش دەکرێت کە رێگە بە یاریزانەکانیان بۆ قۆناخی کۆتاییی جامی جیهانیی 2026 دەدەن، کە لە 11ـی حوزەیران تاوەکوو 19ـی تەموزی 2026 بەڕێوەچوو.
ئەو بڕە پارەیەی کە یانەیەکی شایستە مافی سوودمەندبوونی لێی دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایانە هەژمار دەکرێت:
ژمارەی ئەو یاریزانانەی بۆ پێکهاتەی کۆتاییی هەڵبژاردەیەکی نیشتمانی رێگەیان پێدراوە کە سەرکەوتووە بۆ قۆناخی کۆتاییی جامی جیهانیی 2026.
ژمارەی ئەو رۆژانەی کە هەر یاریزانێکی رێگەپێدراو لە قۆناخی کۆتاییدا بووە، کە دەست پێ دەکات لە رۆژی رێگەپێدانی یاریزانەکە بۆ قۆناخی کۆتایی و کۆتایی پێ دێت لە رۆژی دوای دوایین یاریی هەڵبژاردەکەی لە قۆناخی کۆتاییدا.
کەمترین بڕی سوودی پێشبینیکراو بۆ هەر یاریزانێک لە هەر رۆژێکدا نزیکەی 5 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەبێت. بڕی وردی رۆژانە بۆ هەر یانەیەکی شایستە دوای تەواوبوونی قۆناخی کۆتایی هەژمار دەکرێت، لەسەر بنەمای بەشدارییکردنی کرداریی یاریزانەکان.
تەنیا ئەو یانانەی کە یاریزانە پەیوەندیدارەکانیان لە ماوەی رێگەپێدانی پەیوەندیداردا تۆمار کرابوون، شایستەی سوودمەندبوون دەبن. لە بنەڕەتدا و بەگوێرەی بەندەکانی خوارەوە، تەنیا یەک یانە شایستەی سوودمەندبوون دەبێت لە بەشدارییکردنی هەر یاریزانێک لە قۆناخی کۆتاییی جامی جیهانیی 2026 و هیچ سوودێک بۆ یاریزانانی بێ یانە تەرخان ناکرێت.
بۆ بەدووربوون لە گومان، ئەم بەندانەی خوارەوەش پەیڕەو دەکرێن:
یاریزانانی جێگرەوە: هەر یاریزانێکی جێگرەوە لە لیستی کۆتاییی رێگەپێداندا بەگوێرەی یاساکانی جامی جیهانیی 2026، لەپاڵ ئەو یاریزانەی کە جێگەی گیراوەتەوە، دەکەوێتە نێو بەرنامەکەوە. یانەی (یانەکانی) هەردوو یاریزانی جێگرەوە و ئەو یاریزانەی سەرەتا لە لیستی کۆتاییی ئازادکردندا ناوی هاتبوو شایستەی بەشدارییکردن دەبن لە بەرنامەکەدا.
گواستنەوەکان یان خواستن لە کاتی قۆناخی کۆتاییی جامی جیهانیی 2026: ئەگەر یاریزانێک لە ماوەی رێگەپێداندا لە یانەیەکی نوێ تۆمار بکرێت، سوودە پەیوەندیدارەکانی ئەو یاریزانە بەگوێرەی رێژەی کات لەنێوان یانەی پێشوو و یانە نوێیەکەدا دابەش دەکرێت، لەسەر بنەمای رێکەوتی تۆمارکردنیان.
بەسەرچوونی گرێبەست: ئەگەر گرێبەستی یاریزانێکی بەشداربوو لە قۆناخی کۆتاییی جامی جیهانیی 2026 لە ماوەی کردارەکیی رێگەپێدانیدا بەسەر بچێت و یاریزانەکە ببێتە یاریزانی ئازاد، یانەی پێشوو شایستەی بەشدارییکردن دەبێت لە بەرنامەکەدا تاوەکوو بەرواری بەسەرچوونی گرێبەستەکە.
مارک کوکورێیای پاڵەوانی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە رێکەوتی 15ـی حوزەیران گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید راگەیەنرا.
بەگوێرەی یاساکانی فیفا، ئەگەر لە رێکەوتی راگەیاندنی گرێبەستەکەی ناوی لە لیستی یاریزانانی ریال مەدرید تۆمار کرابێت، واتە لەو بەروارە بەدواوە یانەی مێرێنگێ لە شایستە داراییەکانی فیفا بۆ کوکورێیا تاوەکوو کۆتایی یاریی هەڵبژاردەی کە یاریی کۆتایی بوو، سوودمەند دەبێت.
چێڵسیش لە رێکەوتی 11ـی حوزەیران کە هاوکات کاتی دەستپێکردنی پاڵەوانییەتییەکەیە تاوەکوو رێکەوتی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید، واتە 15ـی حوزەیران لە شایستە داراییەکانی بەرگریکارەکە سوودمەند دەبێت.



