گرنگترینمۆندیالی 2026

کارتە سوورەکەی پارێدێس سڕایەوە؛ چی لە پشتی پەردەی بڕیارەکەی فیفاوە هەیە؟

بۆچی فیفا کارتی سوورەکەی پارێدێسی سڕییەوە؟ دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە چی دەبن؟

Yariga App

یاریگا –

فیفا بڕیاری دا کارتە سوورەکەی لیاندرۆ پارێدێس، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بسڕێتەوە.

یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 تەنیا بە گۆڵەکەی ئیسپانیا کۆتایی نەهات، بەڵکوو یەکێک لە گەورەترین رووداوەکانی دوای فیکەی کۆتایی، تایبەت بوو بە رەفتارەکانی پارێدێس و هەڵوێستی گوماناوی و سەیر لەسەر بەخشین و سڕینەوەی کارتە سوورەکەی لەلایەن فیفاوە.

تۆڕی BBC کە لێدوانی لە چەند سەرچاوەیەکی نێو فیفا وەرگرتووە، بڵاویکردووەتەوە؛ لە سیستەمی زانیاریی لێدوانەکانی فیفا بەهەڵە بڵاوکرایەوە کە پارێدێس لەلایەن ناوبژیوان کارتی سووری پێ دراوە بەڵام ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، کارتە سوورەکەی سڕاوەتەوە.

چیرۆکی کارتە سوورەکەی پارێدێس؛ چۆن پێی درا و چۆن سڕدرایەوە؟

لە کاتی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ئیسپانیا، گرژی و ئاژاوەیەکی گەورە لە نێوان یاریزانانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا دروستبوو. لە نێو ئەو ئاژاوەیەدا، پارێدێس بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستی بۆ ملی ئێریک گارسیای بەرگریکاری ئیسپانیا برد و رایکێشا.

راستەوخۆ دوای یارییەکە، لە سیستەمی زانیاریی فەرمیی فیفا بۆ شرۆڤەکاران و رۆژنامەنووسان تۆمار کرا کە ناوبژیوان سلاڤکۆ ڤینچیچ کارتی سووری راستەوخۆی بە رووی پارێدێس بەرزکردووەتەوە بەهۆی هێرشکردنە سەر ملی یاریزانەکەی ئیسپانیا.

 بە شێوەیەکی سەیر و لەناکاو، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەو کارتە سوورە لە سیستەمەکەدا سڕدرایەوە و هەڵوەشێنرایەوە.

فیفا بۆ تۆڕە بەریتانییەکەی پشتڕاستکردەوە کە هەڵەیەک لە سیستەمەکەدا هەبووە و لە نێو یاریگادا هیچ رێکارێکی سزادان یان کارتی سوور بەرامبەر پارێدێس نەگیراوەتە بەر.

سڕینەوەی کارتەکە پارێدێس لە سزا رزگار دەکات؟

هەرچەندە لە نێو یاریگا کارتی سوورەکە بەفەرمی بۆ پارێدێس هەژمار نەکرا، بەڵام ئەمە بە مانای رزگاربوونی نایەت و فیفا بڕیاری داوە بەفەرمی داواکارێکی گشتی لە لیژنەی سزادان و رەوشت دیاری بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە سەراپای ئەو رووداوانەی دوای فیکەی کۆتایی.

سەرەڕای سڕینەوەی کارتەکە لە سیستەمی فیفا، دیمەنە ڤیدیۆییەکان بەڕوونی دەریخستووە کە پارێدێس لەگەڵ تیاگۆ ئالمادا و رۆبێرتۆ ئایالا رەفتاری توندوتیژانەیان بەرامبەر یاریزانانی ئیسپانیا نواندووە.

 فیفا دەتوانێت بەپێی یاسای 13ـی تایبەت بە رەفتاری هێرشبەرانە و پێشێلکردنی بنەماکانی یاریی خاوێن، سزای راگرتن بەسەر پارێدێس و هاوتیپەکانیدا بسەپێنێت، تەنانەت ئەگەر لە نێو یاریگاشدا کارتی سووری وەرنەگرتبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button