
یاریگا –
دەستەی تۆپی پێی ئەوروپا ناتوانێت دەستوەردان بکات چونکە یاساکانی ئیسپانیا و رێسا وەرزشییەکان، بەهۆی بەسەرچوونی وادە یاساییەکان چیدیکە رێگە بە رێکاری سزایی نادەن.
یەکێک لە گەورەترین بابەتەکان لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییە درێژەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە رۆژی سێشەممەدا کەیسی نێگرێرا بوو، کە تێیدا سەرۆکی ریال مەدرید تۆمەتی توندی ئاراستەی یانەی بارسێلۆنا و بەرپرسانی ناوبژیوانانی ئیسپانیا کرد. بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لێدوانەکانی ئەو لە ئێستاوە لەلایەن بەشی یاسایی بارسێلۆنا و سەندیکای ناوبژیوانانەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.
فلۆرێنتینۆ ئاشکراشی کرد کە ریال مەدرید دەربارەی بارودۆخەکە راپۆرتێک بۆ یوێفا ئامادە دەکات. پێرێز گوتی:
یوێفا رێگەی پێ داوین تەواوی دۆسیە بنێرین. من نەهاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی ناوبژیوانان بە پارەی بارسێلۆنا خۆیان دەوڵەمەند بکەن. من هاتوومەتە ئێرە بۆ شەڕکردن. ناتوانم لەسەر ئەمە بێدەنگ بم. هیچ پێشینەیەکی وەکوو ئەمە لە تۆپی پێی جیهاندا نییە.

سەرەڕای ئەوەش راپۆرتەکە روونی دەکاتەوە کە یوێفا ناتوانێت بارسێلۆنا سزا بدات، رێک وەکوو ئەوەی ئەنجومەنی باڵای وەرزشیی ئیسپانیا CSD و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا RFEF نەیانتوانی. هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەر ئەگەرێکی سەرپێچیی وەرزشی کە پەیوەست بێت بە کەیسەکەوە، لە رووی یاساییەوە کاتەکەی بەسەرچووە.
کەیسی نێگرێیرا ئاماژەیە بۆ ئەگەری ئەو پارەدانەی کە بڕەکەی 7.3 ملیۆن یۆرۆیە و دەگوترێت یانەی بارسێلۆنا لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2018 بە خۆسێ ماریا ئێنرێکێز نێگرێیرا، جێگری پێشووی سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا و کوڕەکەی خاڤیێر ئێنرێکێز رۆمێرۆ داویەتی بۆ راپۆرتی راوێژکاریی ناوبژیوانان.
لەژێر هەردوو رێساکانی تۆپی پێی ئیسپانیا و یاساکانی سزای یوێفادا، سەرپێچییە وەرزشییەکانی پەیوەست بە گەندەڵی ماوەی دیاریکراوی توندیان هەیە. چونکە دوایین ئەگەری پارەدان لە ساڵی 2018 بووە و کەیسەکە تەنیا لە ساڵی 2023 لە رێگەی پێگەی کادینا سێر’ـەوە ئاشکرا بوو، وادەکان پێش ئەوەی هەر پرۆسەیەکی سزای وەرزشی دەست پێ بکات، بەسەرچووبوون.

راپۆرتەکە بە تایبەتی ئاماژە بە ماددەی 9ـی یاسای سزاکانی RFEF دەکات، کە دەڵێت سەرپێچییەکان بەسەردەچن دوای:
سێ ساڵ بۆ سەرپێچییە زۆر جددییەکان،
یەک ساڵ بۆ سەرپێچییە جددییەکان،
یەک مانگ بۆ سەرپێچییە بچووکەکان.
ژماردنی کاتەکە لە رۆژی دوای ئەنجامدانی سەرپێچییەکەوە دەست پێ دەکات. هەمان ماددە دەشڵێت خودی سزاکانیش دوای هەمان ماوە بەسەردەچن.
بەهۆی ئەم یاسایانەوە، بابەتەکە بەوە کۆتایی دێت کە یوێفا ناتوانێت لە رووی یاساییەوە لە رێگەی کەناڵە سزاییە وەرزشییەکانەوە هیچ هەنگاوێک دژی بارسێلۆنا بنێت.



