
یاریگا –
یانەی لیڤەرپوول لە هەنگاوێکی سەیر و چاوەڕواننەکراودا بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەی ئارنە سڵۆت، پەیوەندی بە کارگێڕیی ریال مەدریدەوە دەکات بۆ پرسیارکردن لەسەر وردەکارییەکانی کارکردنی چابی ئاڵۆنسۆ.
لیڤەرپوول وەرزێکی کارەساتبار بەڕێدەکات؛ سەرەڕای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا 450 ملیۆن یۆرۆ لە کڕینی یاریزاندا خەرجکرا، بەڵام تیپەکە نەیتوانی ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەستبهێنێت. سڵۆت، راهێنەری ئێستای یانەکە، رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی رەخنە بووەتەوە و زۆرینەی ئەستێرە دێرینەکانی یانەکەش داوای گەڕانەوەی ئاڵۆنسۆ بۆ ئانفیڵد دەکەن.
ئاڵۆنسۆ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە شێوەیەکی کتوپڕ لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دوورخرایەوە و ئێستا لیڤەرپوول دەیەوێت بزانێت هۆکاری راستەقینەی ئەو جیابوونەوەیە چی بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس ـی نزیک لە یانەی شاهانە، بەرپرسانی رێدز چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ بەرپرسانی ریال مەدرید کردووە بۆ ئەوەی زانیاریی لەسەر شێوازی کارکردنی ئاڵۆنسۆ وەربگرن.
👀 El Liverpool llama al Real Madrid para preguntar por… Xabi Alonso
👉 Durante semanas se ha apuntado a Xabi para el Liverpool, pero no lo tienen claro y por eso están preguntando e interesándose por lo sucedido en el club blanco
✍️ @jfelixdiaz https://t.co/Ak9rjFZffT
— Diario AS (@diarioas) May 10, 2026
سەرەڕای ئەوەی چابی خۆشەویستی هاندەرانی لیڤەرپوولە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە هێشتا دوودڵن و نایانەوێت هەمان هەڵەی سڵۆت دووبارە بکەنەوە. پەیوەندی نێوان لیڤەرپوول و ریال مەدرید، سەرەڕای ئەو گرژییەی ساڵی رابردوو بەهۆی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدەوە دروست بوو، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێکی باشی متمانە، هەر بۆیە مەدرید وەکوو سەرچاوەی زانیاری بەکاردەهێنن.



