ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌سعوودیەگرنگترین

رافینیا لە رێگەی بریکاری کارەکانییەوە پارەیەکی خەیاڵی بۆ بارسێلۆنا دەستەبەر دەکات

پینی زەهاڤی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ لاپۆرتا هەیە

Yariga App

یاریگا –

رەنگە پینی زەهاڤی بۆ رافینیا سەرپەرشتی ئۆفەرێکی گەورەی سعوودیە بۆ بارسێلۆنا بکات.

پینی زەهاڤی بریکاری یاریزانان کە زۆر لە خوان لاپۆرتا نزیکە، رەنگە سەرپەرشتی ئۆفەرێکی گەورەی یانەکانی سعوودیە بۆ رافینیا بکات. رەنگە نرخەکە بە لایەنی کەمەوە 90 ملیۆن یۆرۆ بێت، هەرچەندە یاریزانەکە نایەوێت لەم هاوینەدا یانەکە جێبهێڵێت. دەنگۆکانی دەوری رافینیا دووبارە روو لە زیادبوونن و ئەم بەڕازیلییە لەم دواییانەدا گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2028 لەگەڵ بارسێلۆنا نوێکردەوە.

ساشا تاڤۆلیێری رۆژنامەنووس لە سکای سپۆرتس، رایگەیاندووە کە بارسا پێشبینی ئۆفەرێکی 90 ملیۆن یۆرۆیی لە سعوودیەوە دەکات و زەهاڤیش راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم پێشنیازە دەکات.

مەترسی لەسەر بارسێلۆنا؛ سعوودییەکان هێرشبەرێکی سەرەکییان دەوێت


زەهاڤی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ لاپۆرتا هەیە و هەروەها نوێنەرایەتی هانزی فلیک و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش دەکات. گرێبەستە پێشبینیکراوەکە مووچەی ساڵانەی زیاتر لە 30 ملیۆن یۆرۆی تەواو بۆ رافینیا لەخۆ دەگرێت، کە زیاتر لە سێ هێندەی مووچەی ئێستایەتی و گرێبەستێکی درێژخایەنیش بۆ دوای ساڵی 2028 دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی رافینیا ئێستا دوودڵە لە جێهێشتنی یانەکە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا بیری لێ بکاتەوە. زەهاڤی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ تۆپی پێی سعوودیە هەیە و رۆڵی هەبوو لە گواستنەوەی نێیمار بۆ هیلال و ئێستاش یارمەتی بارسا دەدات، تاوەکوو گەڕان بەدوای گرێبەستی فرۆشتنی یاریزانان بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی یانەکە.

پلانی بارسا ئەوەیە کە لانی کەم فرۆشتنێکی گەورە لەم هاوینە بکات بەبێ ئەوەی پێکهاتە سەرەکییەکەی لاواز بکات. رافینیا لەلایەن فلیکەوە وەکوو یاریزانێکی سەرەکی دەبینرێت بۆیە یانەکە پێی باشترە ئەو یاریزانانە بفرۆشێت، کە خولەکی کەمتریان پێ دەدرێت وەکوو ئالێخاندرۆ بالدێ و ژوول کوندێ یان مارک کاسادۆ. ئەگەر هیچ کام لەوانە نەڕۆن رەنگە بارسا ناچار بێت بیر لە بژاردەی دیکە بکاتەوە.

رافینیا هاوینی رابردوو ئۆفەرێکی گەورەی هیلالی رەتکردەوە کاتێک بەدوای جێگرەوەی نێیماردا دەگەڕان. ئەو بڕیاریدا بمێنێتەوە، گرێبەستەکەی نوێکردەوە و بوو بە یەکێک لە کاپتنەکانی تیمەکە. هێرشبەرە بەڕازیلییەکە هێشتا لەگەڵ بارسا بەپەرۆشە، بڕوای بە پرۆژەکە هەیە و ئامانجی بردنەوەی چامپیۆنزلیگە.

چاوەڕوان دەکرێت زەهاڤی ئەم هەفتەیە لە بارسێلۆنا بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێک، لە نێویاندا نوێکردنەوەی گرێبەستی فلیک و لیڤاندۆڤسکی، رەنگە باسی بارودۆخی رافینیاش بکات ئەگەر بە راستی ئەو سەرپەرشتی گرنگیپێدانی سعوودییەکان بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button