کارەسات لە دوای کارەسات؛ ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا رووبەڕووی سزای یوێفا دەبێتەوە
بەهۆی لێدوانەکانییەوە ئەگەری راگرتنی هەیە

یاریگا –
دوای رەخنە توندەکانی لە ئاستی ناوبژیوان لە یاریی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید رەنگە رافینیا لەلایەن یوێفاوە سزا بدرێت.
دوای یارییەکەی نێوان هەردوو تیم لە میترۆپۆلیتانۆ، یاریزانە بەرازیلییەکە کە بەهۆی پێکانەوە یاریی نەکردبوو، یارییەکەی بە “دزیکردن” ناوبرد و گومانی زۆری خستەسەر ئەو بڕیارانەی کە کلیمێنت تورپینی ناوبژیوان دابووی.
یاسای سزادانی یوێفا ئاماژە بەوە دەکات کە یاریزانان دەکرێت سزابدرێن بەهۆی “رەفتاری سوکایەتیپێکردن” یان هەر کارێک کە زیان بە ناوبانگی تۆپی پێ یان رێکخراوەکە بگەیەنێت. بەهۆی ئەمەوە، ئەگەری هەیە رافینیا رووبەڕووی سزای سڕکردن بۆ سێ یاری ببێتەوە، کە پێدەچێت لە وەرزی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا جێبەجێ بکرێت.
لەم بابەتە نموونەیەکی روون لە رابردوودا هەیە؛ نێیمار لە ساڵی 2019 سەرەتا بۆ سێ یاری سڕکرا دوای ئەوەی رەخنەی لە ناوبژیوانێک گرت لە کاتی دوورخستنەوەی پاریس سان جێرمان، هەرچەندە دواتر دادگای ناوبژیوانیی وەرزشی – CAS سزاکەی بۆ دوو یاری کەمکردەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەیسانەی پێشوو، ئێستا یوێفا پێداچوونەوە بە لێدوانەکانی رافینیا دەکات پێش ئەوەی بڕیار بدات کە ئایا رێکاری تەمبێکاری بەرامبەر بگرێتەبەر یان نا.



