یاریگا –
راهێنەری دهۆک باسی سەرکەوتنەکەی بەرامبەر نەفتی بەسرە دەکات و دڵێت گرنگ لەم کاتەدا سێ خاڵ بە دەست بهێنین.
لە دەسپێکی یارییەکانی گەڕی 12ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک لە یاریگای خۆی بە گۆڵێکی دوا خولەکی کەریم دەروێش لە نەفتی بەسرەی بردەوە، دوای یارییەکە مەسعود میڕال راهێنەری دهۆک باسی گرنگی سەرکەوتنی لە یارییەکە کرد و سوپاسی هاندەرانیشی کرد، میڕال زیاتر گوتی:
سوپاسی دەستەی کارگێڕی و هاندەران دەکەم کە پاڵپشتی بەردەوامی تیپەکەن و پیرۆزبایی یان لێدەکەم، ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد دەمانزانی تیپی بەرامبەر بەم شێوازە یاریی دەکات و بە خاڵێک رازی دەبێت، بەڵام سێ خاڵی یارییەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو چونکە دەبێ بەرەو ریزبەندی پێشەوە زیاتر هەنگاو بنێین، بۆیە سێ خاڵی یارییەکە زۆر بەنرخ بوو بۆ ئێمە.
دهۆک وێڕای لە دەستدانی توانای چەند یاریزانێکی لەم یارییە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا لە گواستنەوەی زستانە دهۆک سێ بۆ چوار یاریزانی تازە دەگوازێتەوە تیپەکەی.
بەم سەرکەوتنە هەڵۆکانی چیا کۆی خاڵەکانیان گەیاندە 18 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێن، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر کەربەلا یاریی دەکات.