عێراقکوردستان

دوای سێ شکستی لەسەریەک، دهۆک لە یاریگای خۆی یەکسان بوو

ئەحمەد خەلەف: یەک سەرکەوتن بەسە بۆ ئەوەی رێگاکە بدۆزینەوە

Yariga App

یاریگا –

دهۆک جارێکی دیکە رێگای سەرکەوتنی نەدۆزییەوە و دوای سێ شکستی لەسەریەک ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی بەرامبەر غەڕاف یەکسان بوو.

لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 1 لەگەڵ غەڕاف یەکسان بوو، دوای سێ شکستی بەدوای یەک دهۆک نەیتووانی سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت و دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا، لە هەشت یاریی رابردوو هەڵۆکانی چیا یەک سەرکەوتن و دوو یەکسان بوون و پێنج شکستیان هەیە.

ئەحمەد خەلەف، کە چوارەم راهێنەرە ئەم وەرزە راهێنەرایەتی تیپەکە دەکات، دوای یارییەکە هۆکاری یەکسان بوونەکەیانی باس کرد و گووتی:

تیپەکەی ئێمە زۆر لەوە زیاتر دەتوانێ پێشکەشی بکات کە ئێستا هەیەتی، خاوەن یاریزانی باش و بە ئەزموونین، زۆربەی رێگاکانمان تاقیکردەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووین لە بەدەستهێنانی سێ خاڵ، پێویستمان بە سەرکەوتنێکە بۆ ئەوەی رۆحی بردنەوە بچێتە ناخی یاریزانەکانمان و رێگا راستەکە بدۆزینەوە، لە داهاتوو ئەوەی لە توانامان بێت دەبێ پێشکەشی بکەین چونکە دهۆک شایستەی ئەنجامی باشترە.

دهۆک بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ لە ریزبەندی 12ـی خولەکە دێت، گەڕی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر نەجەف یاریی دەکات، غەڕافیش بە 37 خاڵ لە ریزبەندی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button