
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا و یاریزانێکی تیپەکەش باس لە ئامادەکارییان دەکات بۆ وەرزی داهاتوو.
لە گەڕی 37ـو پێش کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە زاخۆی بردەوە، بە هۆی مسۆگەرکردنی ریزبەندی سێیەم و هەڵوەشانەوەی جامی عێڕاق، بە شێوەیەکی فەرمی هەولێر ریزبەندی سێیەمی مسۆگەر کردووە و وەرزی داهاتوو بەشداری جامی کەنداو دەکات.
عەلی شاخەوان، ئەستێرەی هەولێر هۆکاری سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر زاخۆ ئاشکرا دەکات، ناوەڕاستکارەکەی قەڵاومنارە باس لە ئامادەکاری تیپەکەش دەکات بۆ وەرزی داهاتوو:
تیپەکەمان بە شێوەیەکی باش دەرکەوت بە تایبەت لە گێمی یەکەم، بە هەبوونی ئەم دەستە راهێنەرە بە توانایە دەتوانین هەموو شتێک بکەین، پیرۆزبایی لە هاندەران دەکەم تایبەت ئەوانەی لە یاریگا ئامادەبوون، پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو بکەین چونکە بەشداری پاڵەوانیەتیەکی دەرەکی دەکەین، بە هیوام کاری باشتر بکەین و وەرزی داهاتوو نازناو بۆ هاندەرانمان بەدەست بهێنین.
دوای پێدانی دووخاڵی یارییەکەی شوڕتە و نەفتی میسان بە یانەی شوڕتە، هەولێر بە 76 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە جێگیر بوو بۆ ئەم وەرزە، لە کۆتا گەڕیش لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە.
زاخۆ شەش یارییە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە و بە 53 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت



