
یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
یانەی ریال مەدرید لە قۆناخێکی هەستیار و پڕ لە کێشەدایە. دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر ریال بێتیس، ئێستا دەرکەوتووە کە کێشەکە تەنیا ئەنجامەکان نییە، بەڵکوو دڵەڕاوکێ و ناڕەزایەتییەکی گەورە لە پشت پەردەکانەوە لە ئارادایە کە هەڕەشە لە داهاتووی تیپەکە دەکات لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا.
ئالڤارۆ ئاربێلوا کە لە مانگی یەکدا شوێنی چابی ئاڵۆنسۆی گرتەوە، نەیتوانیوە متمانەی کارگێڕیی یانەکە بەدەستبهێنێت. بەگویرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، فلۆرێنتینۆ پێرێز لە سەرەتاوە گومانی لە ئامادەیی ئاربێلوا هەبووە بۆ ئەم پۆستە، بە دەرچوونی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ و دوورکەوتنەوەی بارسێلۆنا بە 11 خاڵ لە پێشەنگی لالیگا، کورسییەکەی ئاربێلوا لەرزۆک بووە.

کێشە لەگەڵ یاریزانە دێرینەکان و تاقیکردنەوەی گەنجان
یەکێک لە کێشە گەورەکان، پەیوەندیی ئاربێلوایە لەگەڵ یاریزانە ئیسپانییەکان. گرژییەکی زۆر لە نێوان ئەو و دانی کارڤاخالی کاپتن دروستبووە، دوای ئەوەی ئاربێلوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی ناڕاستەوخۆی لێگرت و لە یاریی بێتیسیشدا لەسەر کورسی یەدەک داینا. هەروەها دانی سیبایۆس بەهۆی بڕیاری تەکنیکی بە تەواوی لە لیستەکە دوورخرایەوە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە هاویندا یانەکە جێدەهێڵێت.
ئاربێلوا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بە هێنانە ناوەوەی یاریزانە گەنجەکانی ئەکادیمیا وەکوو تیاگۆ پیتارچ هاوسەنگیی ژووری جلگۆڕینی تێکداوە. کارگێڕیی یانەکە پێیان وایە ئەم بڕیارانە لەم کاتە هەستیارەدا کارەکەی بۆ تیپەکە قورستر کردووە.

ئێمباپێ و لونین؛ دوو هەواڵی دژبەیەک
لە کاتێکدا کیلیان ئێمباپێ بەهۆی پێکان لە رانیدا یاریگای جێهێشت و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە بگاتە کلاسیکۆ، لونین بووەتە خاڵە گەشەکەی یانەکە. لونین بە ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر بێتیس سەلماندی کە شایستەی مانەوەیە، وئێستا ئەگەری مانەوەی بۆ وەرزی داهاتوو زۆر زیاتر بووە.

قەیرانی پزیشکی و گۆڕانکارییەکان
پێکانە درێژخایەنەکانی ئاردا گولەر و ئێدێر میلیتاو وای کردووە جارێکی دیکە گومان بخرێتە سەر تیمی پزیشکی. نێکۆ میهیچ گەڕاوەتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی بەشەکە، بەڵام فشارەکان بەردەوامن چونکە تەنیا 45 رۆژ بۆ مۆندیال ماوە و یاریزانەکان دەترسن لەوەی پێکانەکانیان ببنە رێگر لە بەشداریکردنیان لەو پاڵەوانێتییەدا.



