
یاریگا –
یانەی کۆیە دوای ساڵانێکی زۆر و بۆ یەکەمجار دابەزی بۆ ریزی پلە دووی کوردستان، دهۆکیش جارێکی دیکە گەڕایەوە ریزی گەورەکانی کوردستان.
لە دوا یاریی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی 2025 _ 2026، تەناهی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 0 لە شۆڕجەی بردەوە و مانەوەی لە خولی پلەیەکی کوردستان مسۆگەر کرد، بەم سەرکەوتنەی تەناهی یانەی شۆڕجە بە فەرمی دابەزی بۆ ریزی پلە دووی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.
دوای یەکسان بوونی سۆران و خاک بە گۆڵێک، یانەی کۆیە دابەزی بۆ ریزی پلە دووی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، سۆران و خاک هەریەکەیان بە 17 خاڵ مانەوەیان لە خولەکە مسۆگەر کرد، کۆیەش کە ئەمڕۆ چاوەڕوان بوو بە 16 خاڵ و دوای ساڵانێک هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ریزی نایابی کوردستان دابەزی بۆ ریزی پلە دوو.
دوای دوو وەرز دابڕان لە خولی نایابی کوردستان، دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3 _ 2 لە شەقڵاوەی پاڵەوانی خولەکەی بردەوە، بەم سەرکەوتنە دهۆک بە 27 خاڵ جارێکی دیکە گەڕایەوە ریزی گەورەکانی کوردستان، زانکۆی جیهانیش وێڕای سەرکەوتنی بەرامبەر بابان بە ئەنجامی 5 _ 2، بە 26 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەم دێت و خەونی گەیشتن بە نایابی بۆ وەرزی داهاتوو دواخرا.
هەریەک لە یانەکانی شەقڵاوە، بابان، سێمێل، دهۆک سەرکەوتن بۆ ریزی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2026 _ 2027، یانەکانی کۆیە ، شێخان لەگەڵ شۆڕجە دابەزین بۆ ریزی پلە دووی کوردستان بۆ وەرزی 2026 _ 2027.



