عێراقگرنگترین

تۆڕی وەرزشی یاریگا ناوی راهێنەری داهاتووی یانەی هەولێر ئاشکرا دەکات

یاریگا –

یانەی هەولێر بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە بڕیاری دوورخستنەوەی حەیدەر عەبدولئەمیری دا و لە چەند کاتژمێری داهاتوو راهێنەری نوێی یانەکە ئاشکرا دەکرێت.

یانەی هەولێر 24 کاتژمێر پێش یارییەکەی بەرامبەر نەفت لە جامی عێراق راهێنەری یانەکەی دەگۆڕێت، حەیدەر عەبدولئەمیر بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە راهێنەرآیەتی یانەکە دوور دەخرێتەوە، کە لە دوایین پێنج یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەکەی قەڵاومنارە هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، چەند راهێنەرێک بەربژێرن بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی قەڵاومنارە بگرنە ئەستۆ، بەڵام قەحتان جەسیر راهێنەری پێشووی یانەکانی سناعە، نەجەف، شوڕتە، قوە جەوییە و هەڵبژاردەی لاوانی عێراق نزیکترین بەربژێرە و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەفەرمی ببێتە راهێنەری یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان.

شاندی یانەی هەولێر ئێستا لە بەغدایە و سبەی سێشەممە کاتژمێر 09:30ـی شەو لە جامی عێراق دەبێتە میوانی نەفت و پێشبینی دەکرێت لەو یارییە راهێنەرە نوێیەکەی هەولێر لەسەر کورسی یەدەک بێت و راهێنەرایەتی یانەکە بکات.

قەحتان جەسیر دوای عەباس عوبێد و عەبدولقادر حوسێن و حەیدەر عەبدولئەمیر دەبێتە چوارەم راهێنەر لەم وەرزە راهێنەرایەتی یانەکەی قەڵای زەرد بکات، کە هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی چواردەمی ریزبەندی دێت.

حەیدەر عەبدولئەمیر لەکۆی 10 یاری لەگەڵ هەولێر سێ بردنەوەی بەدەستهێنا و لە دوو یاریش تووشی شکست بوو، کە دوایین شکستی لە دوایین یاریی خۆی بوو لەگەڵ یانەکە، کاتێک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە قاسم دۆڕا.

ئامارەکانی حەیدەر عەبدولئەمیر لەگەڵ هەولێر
ئامارەکانی حەیدەر عەبدولئەمیر لەگەڵ هەولێر

بابەتی زیاتر

Back to top button