ئیسپانیاگرنگترین

لاپۆرتا: ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید دەیکات ئابڕووچوونە و ریال مەدرید بۆی نییە باسی ناوبژیوانان بکات

یاریگا –

خوان لاپۆرتا هێرشێکی توند دەکاتە سەر کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید و دەشڵێت ‘هێشتا دەتوانین نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا ببەینەوە.

خوان لاپۆرتا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رادیۆی کەتەلۆنیا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوبووەتەوە، رەخنە لە یانەی ریال مەدرید دەگرێت و باسی راهێنەری داهاتووی بارسێلۆناش دەکات.

‘ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید دەیکات ئابڕووچوونە’

خوان لاپۆرتا لەبارەی کارەکانی کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید لەبارەی ناوبژیوانەوە دەڵێت :’ئەوەی کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید دەیکات ئابڕووچوونە، ئەگەر بە رەوشتەوە کار بکەن، هەرگیز کاری وا ناکەن، هەموو هەوڵێک دەدەن فشار دروست بکەن و کەیسی نیگرێرا نوێبکەنەوە، هەموو جیهان بینی لە یاریی ئەلمێریا چی روویدا، کەچی ئەوان دەڵێن ناوبژیوانان یارمەتی بارسێلۆنا دەدەن، پێویستە لێژنەی ناوبژیوانان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم کارانە هەبێت’.

لەبارەی هەڵسوکەوتی ریال مەدرید لەبارەی کەیسی نیگرێرا، لاپۆرتا دەڵێت :’ریال مەدرید بە باشی هەڵسوکەوت ناکات، ئەوەی ئەوان دەیکەن قبووڵکراو نییە، دادگا لەسەر داوای ریال مەدرید کەیسی نیگرێرای نوێکردەوە، کەچی ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان نییە، من لە جامی سوپەری ئیسپانیا لەمبارەیەوە قسەم لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ رووینەداوە، یانەیەکی وەکو ریال مەدرید بۆیان نییە قسەی زۆر لەبارەی ناوبژیوانانەوە بکەن، چونکە 70 ساڵە ئەوانەی ناوبژیوانان دەستنیشان دەکەن بۆ یارییەکان، ئەندامی یانەکەیە یان هاندەری ریال مەدریدە’.

Image

‘هێشتا دەتوانین نازناوی لالیگا ببەینەوە’

سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی کێبڕکێی ئەم وەرزەی لالیگا دەڵێت :’هێشتا دەتوانین نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا ببەینەوە، ئەگەر دوو یاریی داهاتوومان ببەینەوە هەموو شتێک دەگۆڕێت، من بیر لە ئەنجامی یاریی دێربی مەدرید ناکەمەوە، تەنیا دەمەوێت لە ئالاڤێس ببەینەوە’.

‘دیکۆ راهێنەری داهاتووی بارسێلۆنا دەستنیشان دەکات’

لاپۆرتا دەڵێت :’من دوای یارییەکەی ڤیاڕیال بڕیارەکەی چاڤیم زانی، سەرەتا شۆک بووم، وامزانی بەهۆی ئەنجامی یارییەکەی ڤیاڕیالەوەیە، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت دەمێکە بیری لەم بڕیارە کردووەتەوە، جارێک پێویستە ئارام بین تا کۆتایی وەرز، دیکۆ لەبارەی راهێنەری داهاتوو بڕیار دەدات، چەند بژاردەیەک هەن’.

هەرکاتێک مێسی بیەوێت رێزلێنانی بۆ دەکەین’

لاپۆرتا لەبارەی رێزلێنان لە لیۆنێل مێسی دەڵێت :’هەرکاتێک مێسی بیەوێت رێزلێنانی بۆ دەکەین، وەکو وەفایەک بۆ ئەوەی پێشکەشی یانەکەمانی کردووە، ئامادە نین هیچ پارەیەک بەو دەستەسڕە بدەین کە یەکەم گرێبەستی بارسێلۆنای لەگەڵ مێسی لەسەر واژۆ کراوە، بەشداریی زیادکردنی ئاشکرای دەستەسڕەکە ناکەین، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت لە مۆزەخانەی یانەکەمان دایبنێت’.

بابەتی زیاتر

Back to top button