چامپیۆنزلیگ

هۆکاری ئاهەنگگێرانە تایبەتەکەی رۆدریگۆ ئاشکرا بوو

یاریگا –

رۆدریگۆ گۆس، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی دوێنێ شەو بەرامبەر براگا گۆڵی تۆمارکرد، بەرەو لای کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری رۆیشت و لە باوەشی گرت.

ریال مەدرید شەوی رابردوو بە ئەنجامی 3-0 بردنەوەیەکی بەنرخی بەرامبەر براگا بەدەستهێنا و دوای بردنەوەکە سەرکەوتنی بۆ قۆناغی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کرد. هەواڵێکی دیکەی خۆش ئەوە بوو کە هەر سێ هێرشبەری تیپەکە براهیم دیاز و ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ گۆس گۆڵیان تۆمارکرد.

رۆدریگۆ کە ئەسیستێکی هەبوو، بە پاسێکی ڤینیسیۆسیش توانی گۆڵی سێیەمی ریال مەدرید تۆماربکات و لە کۆتایی یارییەکەدا وەک باشترین یاریزانی یاریگا دەست نیشان کرا. دوای تۆمارکردنی گۆڵ، چووە لای کارلۆ ئەنچیلۆتی و خۆشی خۆی لەگەڵیدا هاوبەش کرد.

رۆدریگۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی:

راستییەکە ئەوەیە کە من زۆر دڵخۆشم. یارییەکی نایابمان ئەنجامدا، سێ گۆڵمان تۆمارکرد و گۆڵەکەشمان بە داخراویی مایەوە. زۆر دڵخۆشم بە تۆمارکردنی گۆڵ و بێگومان سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16 گرنگترین شت بوو.

سەبارەت بە ئاهەنگگێڕانەکەی و لە باوەش گرتنی ئانچێلۆتی گوتی:

“ئەوە بۆ سوپاسکردنی راهێنەر بوو”. کاتێک لەڕووی دەرونیەوە باش نەبووم، ئەنچیلۆتی متمانەی بە من لەدەست نەدا. من لە دۆخێکی باشدا نەبووم، بەڵام راهێنەر هەمیشە لەگەڵم بوو، هانی دەدام و شتی باشی پێ دەگوتم. “ئەرکی من بوو گۆڵ تۆمار بکەم و چووم سوپاسی راهێنەرەکە بکەم”.

بابەتی زیاتر

Back to top button