ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

گۆڕانکارییە گەورەکانی سەرۆکە دڵسۆزەکەی بارسێلۆنا

چاکسازییە سەرتاسەرییەکانی بارسێلۆنا لە ژێر دەستی خوان لاپۆرتا

یاریگا –

دوای گەڕانەوەی خوان لاپۆرتا، پێکهاتەی بارسێلۆنا و لایەنی ئابووریی یانەکەیش بووژانەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام ئایە ئەم بووژانەوە خێرایە چۆن هاتووەتە کایەوە؟

لە مانگی ئازاری ساڵی 2021 خوان لاپۆرتا، بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەستبەکار بوو، شوێنی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆی گرتەوە کە لە سەردەمی بارتۆمیۆ بارسێلۆنا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە و ئاستی تیپەکەیش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە گەورەیەی بارسێلۆنای تێکەوت، یانەکە لە چەند ساڵی رابردوو توانای نەبووە گەرێبەستی زۆر گەورە ئەنجامبدات، سەرەڕای ئەوەش توانیوییانە چەند ئەستێرەیەکی دیاری ئەوروپا بگوازنەوە ریزەکانیان.

لەو کاتەوەی لاپۆرتا گەڕاوەتەوە یانەکە، تەنیا 6 یاریزانی سەردەمی پێش خۆی لە تیپی یەکەمی یانەکە ماونەتەوە، ئەوانیش بریتن لە هەریەکە لە یاریزانن مارک ئاندرێ تێر شتیگن، ئیناکی پێنا، رۆناڵد ئاراوخۆ، پێدری، سێرجی رۆبێرتۆ و فرێنکی دی یۆنگ.

بارسێلۆنا لە دوای هاتنی لاپۆرتا پێکهاتەیەکی زۆر باشتری درووستکردووە، تەنانەت لەگەڵ قەیرانە داراییەکانیشدا توانیوییەتی یاریزانانی وەک جولس کوندێ، جواو کانسێلۆ، ئیلکای گۆندۆگان، جواو فێلیکس و رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی بگوازێتەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو گۆڕاکارییە گەورانەی لە ماوەی 30 مانگی رابردوودا لە یانەکەدا کراون.

سەرەڕای بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکە، لاپۆرتا توانیوییەتی دۆخی دارایی یانەکە زۆر باشتر بکات. بەپێی راپۆرتێکی دەزگای EFE، تێکڕای مووچەی یاریزانانی بارسێلۆنا لە وەرزی رابردوو 566.4 ملیۆن یۆرۆ بووە، بەڵام لەم وەرزە کەمکراوەتەوە بۆ 404.7 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەوەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ تیپەکە و هاوکارییەکی گەورەی گەشەکردنی ئابووریی دەدات.

لە رابردوو بارتۆمیۆ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی یاریزانی دەگواستەوە بە بڕە پارەیەک کە لەسەرووی نرخی یاریزانەکە بوو، ئەمەش وایکردبوو مووچەی تیپەکە بگاتە ئاستێکی باڵام، تا ڕادەیەک تێکڕای مووچەی تیپەکە بەرزترین بوو لە ئاستی ئەوروپادا.

بەڵام خوان لاپۆرتا بە پلانێکی چڕ و زیرەکانە توانی هاوکێشەکە بگۆڕێت، بارسای لە تیپێکی زۆر مەسرەفەوە گۆڕی بۆ تیپێک کە بە خەرجکردنی پارەیەکی کەم یاریزانی گەورە دەگوازێتەوە و ئەنجامەکانیشی گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە، بە جۆریک لە وەرزی رابردوو سەرەڕای بەهێزی ریال مەدریدی رکابەریان توانیان ببنە پاڵەوانی لالیگا.

ئێستا بارسێۆنا بە تیپێکی زیندوو سەیردەکرێت، سەرۆکە دڵسۆزەکە یانەکەی ژیاندووەتەوە، بەڵام ئاڵنگارییە گەورەکە ئەوەیە بتوانرێت تیپەکە لەسەر ئەم رێچکەیە بهێڵدرێتەوە، دۆخی دارایی یانەکەیش باشتر بکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button